کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دادستانی سوئید: حەمید نووری لە کوشتنی ٤ هەزار زیندانیی سیاسی ڕۆڵی هەبووە

13:16 - 20 گەلاوێژ 2721

دادگای پێداچوونەوە بە تاوانەکانی ''حەمید نووری'' دادیاری پێشوو لە دەزگای دادی ڕێژیمی ئێران کە بە دەستێدابوون لە ئێعدامەکانی ساڵی ٦٧ تاوانبار کراوە، ڕۆژی سێشەممە ١٩ی گەلاوێژ لە وڵاتی سوئید بەڕێوە چوو.

''حەمید نووری'' نزیکەی دوو ساڵە لە سوئید دەسبەسەر کراوە.

هەواڵدەرییەکان باسیان لەوە کردووە، لە یەکەم دانیشتنی پێداچوونەوە بە تاوانەکانی ''حەمید نووری''، ناوبراو تاوانی وەکوو ''کوشتنی بەئەنقەست، جینایەت دژی مروڤایەتی، جینایەتی جەنگی و کوشتنی پلان بۆ داڕێژراوی دژبەرانی سیاسی'' بە بەڵگەوە لەسەرە.

نوێنەری دادستانی سوئید باسی لەوە کرد کە کوشتاری زیندانییانی سیاسی بە فتوای ''خومەینی'' بەڕێوە چووە و ''حەمید نووریـ''ـشی بەوە تاوانبار کرد کە لە ڕەوتی محاکمەی ڕەواڵەتی و ئێعدامی دژبەرانی سیاسی ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە.

حەمید نووری لەو سەردەمەدا دادیاری زیندانی ''گەوهەر دەشتـ''ـی کەرج بوو و بە وتەی نوێنەری دادستان لە بەڕێوەبردنی حوکمی ئێعدام لەو زیندانەدا بەرپرسیارەتی هەبووە.

نوێنەری دادستانی سوئید ناوی دەیان هەزار زیندانیی سیاسی کە حەمید نووری لە ئێعدامی ئەواندا ڕۆڵی هەبووە لە دادگا خوێندەوە.

پێش لە دەسپێکی ئەو دادگایە، سکاڵاکەرانی ئەو دۆسیەیە و بنەماڵەی قوربانییانی کوشتارەکانی دەیەی ٦٠ لە بەردەم دادگای ستۆکهۆلم کۆ ببوونەوە و داوایان لە کۆمەڵگای جیهانی دەکرد کە بەنیسبەت ئەو جینایەتەی ڕێژیمی ئێران بێدەنگ نەبن.

حەمید نووری مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٢٠١٩ لە فڕوکەخانەی ''ئارلاندا''ی سوئید بە حوکمی دادستانی سوئید و بە تاوانی ڕۆڵی ناوبراو لە کۆشتاری بەکۆمەڵ دەسبەسەر کرا.

لە ڕەوتی دادگایی حەمید نووری  نزیکەی ٤٠ سکاڵاکەر و ٦٠ شایەتحاڵ کە لە هاوینی ساڵی ٦٧ی هەتاوی لە زیندنی گەوهەردەشت زیندانی بوون، حوزووریان دەبێت.

 لە ڕەوتی محاکمەی ناوبراو لە بیروڕای پسپۆڕان، مافناسانی نێونەتەوەیی و تاوانناسان کەڵک وەردەگیرێت.

بەپێی یاسای وڵاتی سوید، لە ئەگەری مەحکوومبوونی حەمید نووری، حوکمی زیندانیی هەتاهەتایی بۆ ناوبراو دەبڕدرێتەوە.