کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دادگای ئامریکا چوار ئامریکایی بە تۆمەتی فرۆشتنی نەوتی ڕێژیمی ئێران سزا دا

12:48 - 8 خەرمانان 2720

دادگای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بڵاوی کردووەتەوە، چوار ئامریکایی کە ویستوویانە بۆ فرۆشتنی نەوتی ڕێژیمی ئیران پیلان دابنێن، سزا دراون.

لە بەیاننامەی دادگای ئامریکادا هاتووە، ڕۆژی چوارشەممە ٥ی گەلاوێژ، چوار ئامریکایی بە پێشێلکردنی گەمارۆکانی ئامریکا و پیلانگێڕی بۆ سپیکردنەوەی پارە و هەوڵدان بۆ مامەڵەی نەوتی لەگەڵ ڕێژیمی تاران تاوانبار کراون.

هەروەها لەو بەیاننامەیەدا باس لەوەش کراوە، ئەو تاوانبارانە بۆ شاردنەوەی چالاکییە نایاساییەکانی خۆیان لە شیرکەتە سێبەرەکان، بەرتیل و بەڵگەی ساختە کەڵکیان وەرگرتووە.

دادگای ئامریکا ناسنامەی ئەو چوار تاوانبارەی بەو شێوەیە بڵاو کردووەتەوە: "نیکلاس هووان ٣٤ ساڵە، ژێنیۆ وانگ ٣٩ ساڵە، ڕابێرت تۆیتێز ٣٠ ساڵە و دێنیل ڕێلین ٣٩ ساڵە".

دادگای ئامریکا پێداگریی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە ئامریکا هەموو هەوڵێکی دەخاتە گەڕ بۆ ناسینی ئەو کەس و لایەنانەی کە بیانهەوێت گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی تاران پێشێل بکەن و کاری ئەو کەسانەی بە لەتمەلێدان لە ئەمنییەتی ئامریکا ناو لێ بردووە.

هەروەها لە کۆتایی بەیاننامەی دادگای ئامریکادا وێڕای هەوڵی زیاتر بۆ ناسینی تاوانباران ئاماژە بەوەش کراوە کە لە داهاتوودا بۆ هەر تاوانبارێک کە بیهەوێت کارێکی هاوشێوە بکات، ٤٥ ساڵ زیندان و ١.٧٥ ملیۆن دۆلار سزا دیاری کراوە.