کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دادگای تاوانەکانی هەولێر سزای لەسێدارەدانی بەسەر ۳ کەس لە بکوژانی پێشمه‌رگه‌یەکی كوردستاندا سەپاند

18:22 - 12 گەلاوێژ 2721

دادگای تاوانەکانی هەولێر لە پێوەندیی لەگەڵ پەروەندەی كوشتنی پێشمه‌رگه‌یەکی حیزبی دێموکرات لە دوایین دانیشتنی خۆیدا بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ ۳ کەس لە بکوژه‌كان دەرکرد.

ڕۆژی دووشەممە ۱۱ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە لقی ٢ی دادگای تاوانەکانی هەولێر، تۆمەتبارانی شەهیدکردنی "قادر قادری"، یەکێک لە پێشمه‌رگه‌كانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان سزا دا.

تاوانبارانی ئەو دۆسیەیە دانیان بەوە داناوە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پشتی ئەو پیلانەدا بووە.

به‌ وته‌ی پارێزه‌ره‌كان ئەو سێ کەسە تاوانبارە پارەیان لە ڕێژیمی ئێران بۆ ئه‌و كاره‌ وەرگرتووە.

دوو کەسی دیکەش کە تۆمەتبارن بە بەشداریکردن لە و تاوانه‌دا بوون، بە ٥ ساڵ زیندان و سزای نەختی حوکم دراون.

ئەو دۆسیە لەلایەن دادگای تاوانەکانی هەولێر بەدواداچوونی بۆ کراوە و وەک دۆسیەیەکی تێرۆر تاوتوێ نەکراوە.

ڕێکەوتی ١٦ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی، تەرمی "قادر قادری" لە ناوچەی بالیسان دۆزرایەوە و هەر ئەو کات ڕێژیمی ئێران بە ئەنجامدانی ئەو کارە تۆمەتبار کرا.