کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دادگای تورکیە حوکمی زیندانی سەلاحەدین دەمیرتاشی پەسند کرد

10:44 - 14 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: دادگای تورکیە لە ڕەوتی دانیشتنێکی دیکەی خۆیدا، حوکمی ٤ ساڵ و ٨ مانگ زیندانیی بەسەر دەمیرتاشدا سەپاند.

دادگای باڵای تاوانە قورسەکانی تورکیه، ڕۆژی ڕابردوو ڕێکەوتی ١٣ی سەرماوەزی ١٣٩٧هەتاوی، لە خولێکی دیکەی دادگاییکردندا، ماوەی ٤ ساڵ و ٨ مانگ زیندانیی بەسەر "سەلاحەدین دەمیرتاش" هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە (HDP)، کە ئێستا لە زیندانە، سەپاند.

پارتی هەدەپە بە نیسبەت ئەو بڕیارەی دادگا ناڕەزایەتی دەربڕیوە و ئەو بڕیارەی بە ناڕەوا لە قەڵەم داوە.

سزای زیندانیکردنی دەمیرتاش، هاوسەرۆکی زیندانیکراوی پێشووی هەدەپە، پەسەند کراوە و دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی لە شاری ئیستانبوڵ ئەو بڕیارەی پەسند کردووە.

دادگای تورکیە ناوبراوی بە تۆمەتی بانگەشەکردن بۆ تێرۆر سزا دابوو. پارتی دێموکراتی گەلان (HDP) ئاشکرای کردووە دادگای تورکیه سەربەخۆ نییە و بە فەرمانی لایەنی دیکە بڕیار دەدات.

 ماوەیەک لەمەوبەر، یەکیەتیی ئورووپا داوای لە تورکیه کردبوو سەلاحەدین دەمیرتاش ئازاد بکات.

 سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە. کە لە هەڵبژاردنی ئەمساڵدا بۆ سەرکۆماریی تورکیه یەکێک لە بەربژێرەکان بوو، ساڵی ٢٠١٦ی زایینی، لە لایەن تورکیەوە لەگەڵ "فیگەن یوکسەکداغ" و چەند ئەندام پارلمانی دیکەی ھەدەپە بەتۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە دەستگیر کران.