کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دادگای دانمارک حوکمی ٧ ساڵ زیندانی بۆ سیخوڕێکی ئێرانی پشتڕاست کردەوە

12:22 - 17 بانەمەڕ 2721

دادگای باڵای دانمارک ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی بانەمەڕ، حوکمی ٧ ساڵ زیندانیی بۆ کەسێکی نۆروێژی کە بە ڕەگەز ئێرانییە بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئێران و پلان داڕشتن بۆ تێرۆری چالاکێکی عەرەبی ئەحوازی، پشتڕاست کردەوە.

''مدس کروس'' دادستانی دانمارکی بە هەواڵدەریی ڕۆیتێرزی وتووە، تۆمەتباری ئەو دۆسیەیە کەسێکە بە ناوی ''محەممەد داوودزادە لولوئی'' کە بە ٧ ساڵ زیندانی و دەرکردنی لە خاکی دانمارک مەحکووم کراوە.

ئەم دۆسیەیە کێشە ئیتلاعاتییەکانی نێوان عەرەبستان و ئێرانی لە خاکی دانمارک ئاشکرا کرد و بوو بەهۆی ئەوەی کە دانمارک داوای ئەوە بکات کە یەکیەتیی ئورووپا گەمارۆ بخاتە سەر ڕێژیمی ئێران.

''محەممەد داوودزادە'' لە ساڵی ٢٠١٨دا دەسبەسەر کرا و ساڵی ڕابردوو لە دادگا بە ٧ ساڵ زیندان محکووم کرابوو، بەڵام ناوبراو داوای پێداچوونەوەی بەسەر حوکمەکەیدا کردبوو.

هەر لەو پێوەندییەدا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دادگای پێداچوونەوەی "ئانترۆپ" لە بلژیک حوکمی ''ئەسەدوڵڵا ئەسەدی'' دیپلۆمات تێرۆریستی ڕێژیمی ئێران کە بە تۆمەتی هەوڵی تێرۆریستی بە ٢٠ ساڵ زیندانی محکووم کرابوو، پشتڕاست کردبووەوە.