کوردستان میدیا: دادگای فێدراڵی ئامریکا بڕیاری داوە کە سەرکۆماری ئامریکا نابێت بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بلاک بکات یان بیانسڕێتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، دادگای فێدراڵی ئامریکا بڕیاری داوە کە هەوڵی "دانڵد ترامپ" بۆ سڕینەوە و بلاککردنی بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەتایبەت تویتێر کە بیروڕای جیاوازیان دژی ناوبراو هەیە، دژی یاسای بنەڕەتیی ئەو وڵاتەیە.
هەیئەتێکی پێکهاتوو لە سێ دادوەر لە دادگای "ئێستیناف" لە "مەنهەتن"، ڕێکەوتی ١٨ی پووشپەڕ، ئەو بڕیارەی کە ساڵی ڕابردوو لە دادگای فێدراڵدا دەرکراوە، تەئید کردووە.
لە یاسای بنەڕەتیی ئامریکادا هاتووە کە ئازادیی ڕادەربڕین، ئازادیی ئایینەکان، ئازادیی میدیا و چاپەمەنییەکان و کۆبوونەوەی هێمنانە، مافی هاووڵاتییانە.
بڕیاری لەم چەشنەی دادگا بەنیسبەت هەوڵی بەرپرسێکی باڵای سیاسی، دەرخەری ئەوەیە کە لە وڵاتانێکدا کە سیستمێکی دێموکراتیک کاری پێ دەکرێت، مافی هاووڵاتییان پارێزراوە و هیچ بەرپرسێکی وڵات لە هەر ئاستێکدا بێت، ناتوانێت مافی هاووڵاتییان پێشێل بکات.