دادگای فێدێراڵی ئامریکا لە حوکمێکی تایبەتدا، ڕێژیمەکانی سووریە و ئێران و ڕێکخراوی تێرۆریستیی سپای پاسداران و ٣ بانکی ئێرانیی بە تاوانی بەشداری لە هێرشی تێرۆریستیی "حەماس" بۆ سەر دوو شارومەندی ئامریکایی- ئیسرائیلی لە ساڵی ٢٠١٥دا کە بووە هۆی کوژرانیان مەحکووم کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی "ئۆرشەلیم پۆست"، "نەعەمە و ئێیتام هێنکین" ژن و مێردێکی ئامریکایی- ئیسرائیلی، سەرەتای ئۆکتۆبری ٢٠١٥ لە ڕێگای گەڕانەوە بۆ ماڵ لە نزیکیی شاری نابلۆسی ئیسرائیل، لەبەرچاو چوار منداڵەکەیانەوە لەلایەن تێرۆریستەکانی حەماسەوە دراونەتە بەر دەستڕێژ و تێرۆر کراون.
تێرۆریستەکان پاش ئەنجامدانی تاوانەکە لە شوێنی ڕووداوەکە هەڵاتوون کە پاش چەند ڕۆژ ئەرتشی ئیسرائیل دەستبەسەریان دەکات و بە بەندکرانی هەتاهەتایی مەحکووم کران.
بە وتەی سکاڵاکەرانی ئەو دۆسیەیە، ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای سپای قودس و ناوەندەکانی دیکەوە پشتیوانیی لۆجێستیکی و نیزامی لە حەماس دەکات و پشتیوانییە ماڵییەکانی تاران لە ڕێگای "بانکی ناوەندی"، "بانکی میللی" و "بانکی سادراتـ"ـەوە دەگاتە دەستی حەماس.
"ئورشەلیم پۆست" ڕایگەیاندووە کە ئەمە یەکەم جارە کە دادگاکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە پرۆسەی لێکۆڵینەوەی دادوەریی دۆسیەیەکدا "بانکی ناوەندی، بانکی میللی و بانکی سادرات" وەکوو بەرپرسی هێرشی تێرۆریستی لە ڕێگای ڕێکخراوێکی دەرەکییەوە دژ بە شارومەندانی ئامریکایی بە تاوانبار لە قەڵەم بدات.