کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دادگای مافی مرۆڤی ئورووپا داوای ئازادیی "دەمیرتاشـ"ـی کرد

11:02 - 3 بەفرانبار 2720

دادگای مافی مرۆڤی ئورووپا، بە دەرکردنی حوکمێک داوای ئازادیی بەپەلەی "سەلاحەدین دەمیرتاش"، سیاسەتوانی کورد و هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دێموکراتیکی گەلان لە بەندیخانەی تورکیەی کرد.

دادگای "ستراسبۆرگ" هەروەها حوکمی لەسەر ئەوە داوە کە مافی ئازادیی ڕادەربڕین و ئەمنییەت بۆ "سەلاحەدین دەمیرتاش" پێشێل کراوە.

دادگای مافی مرۆڤی ئورووپا هەروەها وتوویەتی کە تورکیە دەبێ ٦٠ هەزار یۆرۆ تێچوو بە دەمیرتاش بدات.

"سەلاحەدین دەمیرتاش" ١٤ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی لە شەپۆلی دەسبەسەرکردنی سەرکردە و ئەندامانی پارتی دێموکراتی گەلاندا دەسبەسەر کرا.

دادگای مافی مرۆڤی ئورووپا ڕایگەیاندووە کە ئامانجی بەرپرسانی تورکیە لە دەسبەسەرکردنی دەمیرتاش بەرتەسککردنەوەی باس و گوتارە سیاسییەکان بووە.

دادگای "ستراسبۆرگ" پێشتریش فەرمانی ئازادیی ئەو سیاسەتوانە کوردەی دابوو، بەڵام تورکیە ئەو حوکمەی بەڕێوە نەبرد.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە تورکیە ئەندامی شورای ئورووپایە و دەبا پێڕەویی لەو حوکمەی دادگای مافی مرۆڤی ئورووپا کردبا.