کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دادگای ئیستینافی بلژیک حوکمی سێ هاودەستی ''ئەسەدوڵڵا ئەسەدیـ''ـی ڕاگەیاند

18:30 - 20 بانەمەڕ 2722

دادگای ''ئیستیناف'' لە بلژیک حوکمی کۆتایی سێ کەس لە هاودەستەکانی ''ئەسەدوڵڵا ئەسەدی'' دیپلۆمات تێرۆریستی ڕێژیمی ئێران کە وێڕای ناوبراو بە تاوانی هەوڵی تێرۆریستی بە زیندان مەحکووم کرابوون، ڕاگەیاند.

بەپێی حوکمی دادگای ئیستینافی ئانتوێرپی بلژیک کە ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی بانەمەڕ ڕاگەیەندرا، ''ئەمیر سەعدوونی و نەسیمە نەعمانی'' هەر کام  بە ١٨ ساڵ زیندان و لێستاندنەوەی ڕەگەزنامەی بلژیکی و ''مێهرداد عارفانی'' بە ١٧ ساڵ زیندان و لێستاندنەوەی ڕەگەزنامەی بلژیکی مەحکووم کراون.

بەپێی ئەو حوکمە هەر کام لەو سێ کەسە بە لێوەرگرتنی ٦٠ هەزار یۆرۆ سزای نەختی مەحکووم کراون، هەروەها بەپێی ئەو حوکمە ماشینی ''مێرسێدس بێنز"ی نەسیمە نەعیمی دەستی بەسەردا گیرا.

دۆسیەی ئەو سێ کەسە بە تاوانی هاودەستی لەگەڵ ''ئەسەدوڵڵا ئەسەدی'' دیپلۆمات تێرۆریستی ڕێژیمی ئێران بووە کە لە هەوڵی پیلان بۆ دانانەوەی بۆمب لە کۆبوونەوەی ڕێکخراوی موجاهدینی خەڵق لە پاریس بوون.

''ئەسەدوڵڵا ئەسەدی'' کە وەک دیپلۆمات لە باڵوێزخانەی ئێران لە ڤییەن کاری دەکرد بە دانانی پلان بۆ ئەنجامدانی کاری تێرۆریستی و دانانەوەی بۆمب لە کۆبوونەوەی ڕێکخراوی موجاهدینی خەلق لە پاریس، لە ساڵی ٩٧ی هەتاوی، تاوانبار و دواتر لەلایەن ئەو دادگایەوە بە ٢٠ ساڵ زیندانی حوکم درا.

دەوڵەتی فەرانسە مانگی ئۆکتۆبری ساڵی ڕابردوو وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانی بە داڕشتن و بەڕێوەبردنی ئەو پیلانە تێرۆریستییە تاوانبار کرد.