کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دادگاییکردنی تاوانبار "حەمید نووری" دەبێتە هۆی دادگاییکردنی هەموو کاربەدەستانی ڕێژیمی تاران

10:53 - 6 خەزەڵوەر 2721

دادگاییکردنی "حەمید نووری" (یەکێک لە تاوانبارانی کوشتارەکانی دەیەی ٦٠ی هەتاوی) لە سوئید دەبێتە هۆی ئەوەیکە سەرجەم کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران دادگایی بکرێن و لە دادگایەکی گەورەتردا لێپێچینەوە لە هەموویان بکرێت.

کوشتارەکانی دەیەی ٦٠ لە ئاستێکی نەتەویی لە جوغرافیای ئێراندا بەڕێوە چووە کە خەڵک دەبێ کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمە دادگایی بکەن.

دۆسیەی دادگایی "حەمیدی نووری" بەهۆی ئەوەیکە یەکەم دۆسیەیە لە بواری کوشتارەکانی دەیەی ٦٠، گرینگە. ئەو دۆسیەیە ئێستا لە کتێبە دەرسی و حقووقییەکانی سوئید دەوترێتەوە و ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەیکە وڵاتانی دیکەش بەدواداچوونی ئەو دۆسیەیە بکەن.

حەمید نووری لە کوشتنی ٤ هەزار زیندانیی سیاسی ڕۆڵی هەبووە و نزیکەی دوو ساڵە لە سوئید دەسبەسەر کراوە.

حەمید نووری لەو سەردەمەدا دادیاری زیندانی ''گەوهەر دەشتـ''ـی کەرج بوو و بە وتەی نوێنەری دادستان لە بەڕێوەبردنی حوکمی ئێعدام لەو زیندانەدا بەرپرسیاریەتیی هەبووە.

پێش لە دەستپێکی ئەو دادگایە، سکاڵاکەرانی ئەو دۆسیەیە و بنەماڵەی قوربانییانی کوشتارەکانی دەیەی ٦٠ لە بەردەم دادگای ستۆکهۆڵم کۆ ببوونەوە و داوایان لە کۆمەڵگای جیهانی دەکرد کە بەنیسبەت ئەو جینایەتەی ڕێژیمی ئێران بێدەنگ نەبن.

لە ڕەوتی دادگاییکردنی حەمید نووری  نزیکەی ٤٠ سکاڵاکەر و ٦٠ شایەتحاڵ کە لە هاوینی ساڵی ٦٧ی هەتاوی لە زیندنی گەوهەردەشت زیندانی بوون، حوزووریان دەبێت.

 لە ڕەوتی محاکمەی ناوبراو لە بیروڕای پسپۆڕان، مافناسانی نێونەتەوەیی و تاوانناسان کەڵک وەردەگیرێت.