کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دادگاییکردنی جەلادێکی ڕێژیمی ئێران لە سوئێد، ئەو ڕێژیمەی تووڕە کردووە

18:10 - 25 رەزبەر 2721

ڕەوتی دادگاییکردنی ''حەمید نووری'' یەکێک لە تاوانبارانی کوشتاری بە کۆمەڵی زیندانییانی سیاسی لە ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی لە وڵاتی سوئێد هەروا درێژەی هەیە و ئەمە تووڕەیی ڕێژیمی ئێرانی لێ کەوتووەتەوە.

دادگاییکردنی ''حەمید نووری'' دادیاری پێشوو لە دەزگای دادی ڕێژیمی ئێران کە لە وڵاتی سوئێد ٢٨ـەمین دانیشتنی خۆی تێدەپەرێنێت و لەو ڕەوتەدا بەڵگەیەکی زۆر لەسەر ناوبراو کۆ کراوەتەوە و تاوانباربوونی ناوبراو لە جینایەتە دژە مرۆییە دەسەلمێنێت.

ئەگەرچی "حەمید نووری" وەکوو تاوانبار دادگایی دەکرێت، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە سیستمی سەرکوت و ئێعدامی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران محاکمە دەکرێت، هەر بۆیە ئەم بابەتە ناڕەزایەتیی ڕێژیمی ئێرانی لێکەوتووەتەوە.

پێشتر ''ئەحمەد مەعسومی فەڕ'' باڵوێزی ڕێژیمی ئێران لە سوئێد، ئەو وڵاتەی بە پێشیلکردنی کۆنوانسیۆنە جیهانییەکان و ئەشکەنجەی ڕۆحی و جەستەیی تۆمەتبار کردبوو.

حەمید نووری مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٢٠١٩ لە فڕوکەخانەی ''ئارلاندا''ی سوئێد بە حوکمی دادستانی سوئێد و بە تاوانی ڕۆڵی ناوبراو لە کوشتاری بەکۆمەڵ دەسبەسەر کرا.

بەپێی یاسای وڵاتی سوئێد، لە ئەگەری مەحکوومبوونی حەمید نووری، حوکمی زیندانیی هەتاهەتایی بۆ ناوبراو دەبڕدرێتەوە و بۆ جارێکی دیکە ڕێژیمی ئێران بە تاوانباری سەرەکیی جینایەتی دژە مرویی ڕسوا دەکرێت.