کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دادگایەک لە ئامریکا ئێرانییەکی بە تۆمەتی کڕینی پارچەی هەستیاری نیزامی بۆ ئێران بە تاوانبار ناساند

18:38 - 18 بانەمەڕ 2721

وەزارەتى دادوەریى ئامریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، کەسێکی خەڵکی ئێرانى بە تۆمەتى پێشێلکردنى گەمارۆکان و بەرنامەڕێژى بۆ هەناردەکردنى پارچەى هەستیارى نیزامی بۆ ئێران، بە تاوانبار ناساندووە.

ڕۆژی هەینى ١٧ى بانەمەڕ، وەزارەتى دادوەریى ئامریکا ڕایگەیاند کە دەستەى دادوەریى فێدراڵ، بڕیاری داوە "مێهرداد ئەنسارى'' تەمەن ٣٩ ساڵە دانیشتووی دوبەى، ویستوویەتى بارێکى پارچەى هەستیارى نیزامی لەگەڵ دوو تۆمەتبارى دیکە بە ناوەکانى ''سۆزان یپ'' خەڵکى تایوان و ''مێهرداد فومەنى'' خەڵکى ئێران، هەناردەى ئێران بکات.

لە بەیاننامەدا هاتووە، "پارچە هەناردەکراوەکان لە کاروباری نیزامی و غەیرە نیزامی کەڵکیان لێ وردەگیرێت و دەتوانرێت بۆ سیستمی وەک چەکى ناوکی، ئاراستەکردن و پەرەپێدانى تێکنۆلۆژیی مووشەک، پەیوەندیى ڕادیۆیی تاکتیکىی ئەمن، شەڕى ئەلێکترۆنیکیی هێرشبەرانە و سیستمی هۆشداری و چاودێریی ڕادارى، بەکار بهێنرێن.

تۆمەتباران ٥٩٩ مامەڵەى نایاساییان لەگەڵ ٦٣ کۆمپانیاى جیاوازى ئامریکایی ئەنجام داوە.

بڕیارە حوکمی ''ئەنسارى'' ١ى سێپتامبر دەربکرێت و بە وتەى وەزارەتى دادوەریى ئامریکا پێشبینى دەکرێت زیاتر٢٠ ساڵ زیندانى بۆ ببڕدرێتەوە.

لەم چەند ساڵەى دواییدا و بە چڕتڕبوونى گەمارۆکانى ئامریکا دژی ڕێژیمی ئێران، کەسانێکى جیاواز لە ئامریکا و ئوورووپا بە هۆکارى وەک پارە سپیکردنەوە و هەناردەى کەلوپەلى قاچاخ، نیزامی و کەلوپەلی پێوەندیدار بە بەرنامەی ناوکی بۆ ڕێژیمی ئێران، ڕوبرووی سزاى قورس بوونەتەوە.