کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دادگایەکی ئامریکا حوکمێکی نوێی لەسەر ئێران و سووریە دا

11:28 - 14 جۆزەردان 2720

دادوەرێکی فێدێراڵ لە واشنتۆنی پێتەختی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، دوو ڕێژیمی ئێران و سووریەی وەک بەرپرسیار لە بەرانبەر هێرشەکانی ساڵەکانی ڕابردووی گرووپە تێرۆریستییە فەلستینییەکان بۆ سەر خەڵکی سیڤیل لە ئیسرائیلدا زانی.

ئەو دادوەرە فێدێراڵەی واشنتۆن ڕایگەیاندووە کە بنەماڵەی دانیشتووانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا و قوربانییانی ئەو هێرشانە دەبێ قەرەبوویان پێ بدرێتەوە.

لە کۆی ٥٧ سکاڵاکەری ئەو دۆسیەیە، ٤٤ کەسیان خەڵکی ئامریکا یان ئامریکایی- ئیسرائیلین.

ئەو کەسانە سکاڵایان لەسەر ڕێژیمی ئێران، وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران و ڕێژیمی سووریە، بەهۆی بەرپرسیاربوون لە بەرانبەر ٧ هێرشی کوشندە لەلایەن میلیشیا چەکدارە فەلستینییەکانەوە کە لەنێوان ساڵەکانی ٢٠٠٨ تا ٢٠١٦ی زایینیدا ئەنجام دراوە، تۆمار کردووە.

ئەو سکاڵاکەرانە لە دادگادا بە هێنانەوەی بەڵگە و هۆکار سەلماندوویانە کە ڕێژیمی ئێران و ڕێژیمی سووریە بە یارمەتیدانی دوو گرووپی تێرۆریستیی "حەماس" و "جەهادی ئیسلامی"، هەوڵیان داوە بۆ کوشتنی سەروویاسایی هاووڵاتییانی ئامریکایی.

ئەوان هەروەها وتوویانە کە بەو پێیە وەکوو دەوڵەتگەلێکی دەرەکی ناتوانن لە پارێزراویی یاسایی کەڵک وەربگرن.

ڕێژیمی ئێران و سپای تێرۆریستی پاسداران بەردەوام و وەکوو سیاسەتێکی بنچینەیی و نەگۆڕ بۆ پاراستنی ڕێژیم و هەروەها بەڕێوەبردنی پرۆژەی هەناردەکردنی شۆڕش و دژایەتیکردنی زلهێزانی جیهانی هەوڵی داوە لە ڕێگای گرووپە تێرۆریستییەکانیەوە لە وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وڵاتانی جیهاندا کردەوەی تێرۆریستی ئەنجام بدات.