کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داربەڕووەکان لە نێو سەماوەردا گەشە دەکەن

17:01 - 6 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: چایفرۆشێکی مەریوانی، لە جیاتی بەکار‌هێنانی خەڵووز بۆ سەماوەرەکەی، گاز بە کار دێنێت و سەماوەرەکەی دەکاتە گوڵدان بۆ گەشەکردنی دار بەڕوویەک.

"پدرام هجرانی"، چایفرۆشێکی مەریوانییە کە لە زرێباری مەریواندا چای دەفرۆشێت. ناوبراو لە کاردانەوەی کاولکاریەکانی ئەم دواییانەی دارستانەکانی ناوچەی مەریوان و ڕاکێشانی بیروڕای گشتی بۆ پاراستنی دارستان، سەماوەرەکانی خۆی کرد بە گوڵدان بۆ نەمامی بەڕوو و چیدیکە لە خەڵووزی دارەکان کەڵک وەرناگرێت.

ئەم چالاکه ژینگه پارێزە لە لایەن ئەندامانی "ئەنجومەنی سەوزی چیا"ی مەریوانەوە،  پێشوازییەکی گەرمی لێ کرا و لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا ڕێزی لێ گیرا.

هەر لەو ڕێوڕەسمەدا " کامران قادری" کە ساڵی ڕابردوو هەر دوو لاقی خۆی لەدەست دابوو، لە سەر ویلچر، بە تاجە گوڵینەیەکەوە لە سەر مەزاری شەهیدانی ژینگە، " شەهید شەریف باجوەر و شەهید ئومید حسین زادە"، پەیامی ژینگەدۆستی ئەوانی  به" پدرام هجرانی" گەیاند.

"ناجی کانی سانانی" وەک بەرپرسی ئەنجومەنی چیا، لەو رێوڕەسمەدا ئاماژەی به دارستانەکانی زاگرۆس و پێویستی پاراستنیان کرد.

ماوەیەکە کەسانێکی دژ بە ژینگە بۆ بەرژەوەندی و قازانجی خۆیان و هەروەها به مەبەستی بازەرگانی کەوتوونەتە گیانی دارستانەکانی زاگرۆس کە دۆخێکی زۆر مەترسیداریان خولقاندوە.

بەداخەوە ماوەی چەند ساڵه چایی خەڵووز لە شاری مەریوان بووەتە نەریتێکی بەربڵاو و تەنانەت کەبابیەکانیش لە جیاتی گاز لە خەڵووز کەڵک وەردەگرن ، کە ئەمەش بووەتە هۆی گەرمتر بوونی بازاڕی کاولکاری دارستانەکان لە کوردستاندا.