کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دارستانێکی مەریوان بەرەو نەمان دەڕوات

12:13 - 1 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: دارستانێکی کۆنی شاری مەریوان لە ئەگەری وشکبووندایە.

دارستانێکی کۆن لە گوندی "مەڕانە"ی مەریوان، کە یەکێک لە کۆنترین دارستانەکانی ناوچەکە بە ئەژمار دێت، کە زیاتر لە سەد ساڵ تەمەنیەتی، بە هۆی کەڵکوەرگرتنی نادروست لە دارستانەکە و ئاوڕ نەدانەوەی بەرپرسانی پێوەندیدار بەو بابەتە و گرینگی پێ نەدانی خەڵکی ناوچەکەش بەرەو لەنێوچوون دەڕوات.

لەو ساڵانەی ڕابردوودا، زیاتر لە نیوەی ئەو دارستانە داگیرکران و لە لایەن خەڵکی ناوچەکەوە دەستی بە سەردا گیراوە و بە لێدانی تۆڕ، ڕێگەی دەسپێڕاگەیشتنی خەڵکی دیکە بە دارستانەکان دەگیردرێت.

بەپێی ئاماژەکان لە پێوەندی لەگەڵ ئەو باسەوە ئەگەری وشکبوون و لەنێوچوونی دارستانەکە تا چەند ساڵی داهاتوو چاوەڕوان دەکرێت، کە بووەتە هۆی نیگەرانیی چالاکانی ژینگەپارێزی و خەڵکی شارەکە.

هەر لەم پێوەندییەدا لە مانگی خەرمانانی ئەوساڵدا، هەواڵدەریی خوێندکارانی ئێران، لە زاری بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە سروشتییەکانی پارێزگای کرماشان بڵاوی کردەوە، ڕێژەی وشکبوونی دارستانەکانی زاگرۆس لە پارێزگای کرماشان، بە چڕی ٢٠ هەتا ٧٠ لەسەد لە ئاڵوگۆڕدایە.

وشکەساڵی، هەبوونی گەردیلەی زیانبەخشی هەوا و ئاگرکەوتنەوە و هەروەها کەمتەرخەمیی بەرپرسانی پێوەندیداری رێژیمی ئێران لە گرینگیدان بە ژینگە، کۆمەڵێک هۆکاری دیکەی وشکبوونی دارستانەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتن.