کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دارستانەکانی زاگرۆس بەرەو لە نیوچوون دەڕۆن

13:11 - 13 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: قاچاخی ''دار بەڕووە ٧٠٠ ساڵەکان'' بۆ شارەکانی دیکەی ئێران، لەنێوچوونی دارستانەکانی زاگرۆسی لێ کەوتووەتەوە.

 شێرزاد نەجەفی، بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە سروشتیەکانی پارێزگای لوڕستان، باسی لەوە کردووە، دار بەڕووەکان بەرەو لەنێوچوون دەڕۆن و ڕۆژانە ٢٠٠٠ کامیون دار لە لوڕستان بە شێوەی جۆراوجۆر بۆ باکووری ئێران دەنێردرێت. 

نەجەفی، لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کردووە، کە بەپێی یاسای شەشەمی گەشەپێدان، بەروبوم و بەهرەبەریی دارستانەکانی باکووری ئێران قەدەغە کراوە، ئەو یاسایە بووەتە هۆی داخرانی کارخانەکانی باکووری ئێران و ئیستا هێرشیان بۆ دارستانەکانی زاگرۆس هێناوە.

ناوبراو، ئاماژەی بەوە کرد کە ''دارە تەمەن٦٠٠ و ٧٠٠ ساڵەکان لە حاڵی لەنێوچووندان'' و ئەگەر ڕێکارێک لە پێش نەگیرێت، لوڕستان هاوشێوەی پاڕێزگای خووزستان دەبێتە بیابان.

بڕینەوەی دارەکانی زاگرۆس و گواستنەوەیان بۆ شارەکانی دیکە، قاچاخکردنی ئەم دارانە ڕووی لە زیادبوونە و ئیدارەی جەنگەڵبانیش بە شێوەیەک لە شێوەکان و لە ژێردەسەڵات و هێژمونیی ڕێژیمی ئێراندا، لەم بارەوە ڕێگە خۆشکەرە و لە جیاتی بەرگریکردن لەم کارە، دەرفەتی باشتر دروست دەکات.