کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دارستانەکانی مەریوان لە ئاگردا دەسووتێن

10:56 - 4 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: ئاگرتێبەردانی دارستان و لێڕەوارەکانی کوردستان کات و وەرز ناناسێت و بەردەوام لەژێر هەڕەشە و هێرشەکانی نەیارانی ژینگەدایە.

ڕۆژی سێشەممە، ٣ی بەفرانبار، دارستانەکانی گوندی "بەردەڕەشە" سەر بە مەریوان، لەلایەن مۆرەکانی ڕێژیمەوە ئاگریان تێبەردرا.

لە کاتژمێرەکانی یەکەمی ئەو ئاگرکەوتنەوەیەدا، ژینگەدۆستان و ئەندامانی "ئەنجومەنی سەوزی چیا"ی مەریوان، دەستیان بە کوژاندنەوەی ئاگرەکە کردووە.

هاوکات کێوەکانی گوندی "نووریاو" سەر بە پاوە، بوون بە قوربانیی ئاگر،  ئەو ئاگرەش لەلایەن ئەنجومەی "ژیوای" و ژینگەدۆستانی ناوچەکەوە کوژرایەوە.

هەروەها چەند ڕۆژ پێش ڕێکەوتی ١ی بەفرانبار، لە ١٠ لایەوە ئاگر بەردرایە زەلکاوەکانی زرێبار و خەسارێکی زۆر بەر ژینگەی ئەم گۆلە گەیشت.

هەژمارێکی زۆر لەم ئاگرکەوتنەوانە لە ڕێگای دەستوپەیوەندییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بە چەند مەبەستی سەرەکیی "لەنێوبردنی ژینگە و دارستانەکانی زاگرۆس، کاولکردنی لێڕەوارەکان و سەرچاوە سروشتییەکان و هەروەها بە مەبەستی سیاسیـ"ـش لە کاتە هەستیارەکاندا بۆ "بەلاڕێدا بردنی زەینی خەڵک لە ڕووداوەکان" ئەنجام دەدرێت.