کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دارستانەکانی مەریوان لەژێر هەڕەشەیەکی جیددیدان

12:18 - 12 رێبەندان 2719

کاولکاریی دارستانەکانی گوندەکانی مەریوان لەلایەن نەیارانی ژینگەوە خەریکی پەرەسەندنە. ساڵانە ڕێژەیەکی بەرچاو لە دارستانەکان بەهۆی ئاگرتێبەردانی بەئەنقەست و بڕینی لەڕادەبەدەر و ئامانجدارەوە، لەنێو دەچن و ئەمەش سروشتی ناوچەکەی لەگەڵ مەترسیی جیددی بەرەوڕوو کردووەتەوە.

دوایین ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان سەبارەت بە تێکدانی ژینگەی کوردستان باس لەوە دەکەن کە دارستانی ئاواییەکانی "گوێزە کوێرە، لەنجاوا، وشکێن و یەنگیجە، بۆڕیەر، سێف سەروو، باخان، حەسەن ئاوڵە و پێلە" لە مەریوان کەوتوونەتە بەر هێرشی کاولکارییەکی لەڕادەبەدەر.

ئەنجومەنی سەوز چیای مەریوان سەبارەت بە کاولکارییەکانی سروشتی کوردستان هاتووە دەنگ و لە تێلێگرامی تایبەتی خۆیدا نووسیویەتی: "دارستانە بەڕوارەکانی مەریوان ساڵانە ئاگری تێبەر دەدرێت و لە بەرەیەکی تریشەوە بە هۆکاری پاساو هەڵنەگر پەلامار بە بڕین و ئەنجن ئەنجن کردنیان دەدرێت و ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوانیش وەکوو خاوەن دڵسۆزی ژینگەی ناوچەکە کە هەردەم بە کردەوە سەلماندوویە و گیانیشی بۆ داوە کە بریتی بووە لە باشترین ئەندامەکانی، لەم شاڵاوی فەوتان و قڕ کردنە بە پەرۆشە و نیگەرانیی خۆی بۆ داهاتووی وڵات دەردەبڕێت".

ئەنجومەنی سەوزی چیا باسی لەوە کردووە کە وێڕای دەرکەوتنی کەسایەتیی تاوانبارانی ئەم خیانەتە هیچ بیانووێک لهلایەن تاوانبارانەوە بۆ بنەبڕ کردنی دارستانەکان پاساو هەڵناگرێت و لێخۆشبوونیان لێ قبووڵ ناکرێت و لە داهاتوودا چڵ بە چڵی ئەو دارە قەڵاچۆکراوانە و بست بە بستی ئەم نیشتمانە دێتە زار و نەیاران بە تاوانی فەوتان و بڕینی جوانییەکانی نیشتمان لە دادگایەکی بەرفراوانی سروشتدا دادگایی دەکرێن و مافی هەموویان دەسێندرێت.

لە کۆتاییشدا باسی لەوە کردووە کە ئەنجومەنی سەوزی چیا وەک هەمیشە پێداگرە لەسەر پاراستنی نیشتمان و بەگژداچوونی تاوانباران و مرۆڤە هەلپەرستەکانی دژ بە سروشت و ژینگە و تا دوایین ورە و هێز و توانستەکانی، دژ بەم کاولکارییانە دەوەستێت و تا مسۆگەر کردنی "ئەندێشەی سەوز" لە کۆمەڵگادا دانامرکێت و ئۆقرە ناگرێت.