کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دارستانەکانی کوردستان لە ئاگردا دەسووتێن

19:07 - 10 جۆزەردان 2720

ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی پاوە و مەریوان بوو بەهۆی سووتانی بەشێکی زۆر لە ژینگەی ئەو شارانە و خەسارێکی زۆر بەر سروشتی ئەو ناوچانە کەوتووە.

ئەمڕۆ شەممە ١٠ی جۆزەردان، دارستانەکانی گوندی "بەرقڕوو" و "لەنگەرێز" سەر بە شاری سەوڵاوا، تووشی ئاگرکەوتنەوە بوون.

لە حاڵێکدا کە ژینگە و سروشتی ئەو ناوچەیە خەریکە لە ئاگردا هەڵدەقرچێت، داواکانی خەڵکی ئەو ناوچانە لە پارێزگای سنە بۆ بەهاناوەچوونی ئاگرەکە بێ وڵام ماوەتەوە.

لە بەرانبەردا ژینگەدۆستان بەبێ هیچ کەرەستەیەک خەریکی کوژاندنەوە و کونترۆڵکردنی ئەو ئاگرەن کە هەتا ئێستاش بەردەوامە.

هاوکات ئاگر بەر دراوەتە لێڕەوار و دارستانەکانی گوندی "نەجاڕ" سەر بە شاری پاوە و ئاگرەکە لە پەرەسەندندایە.

بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو ئاگرکەوتنەوەیە بەڕێوەبەری ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی "ژیوای" داوای یارمەتیی هەمەلایەنەی لە هەموو دامودەزگا ژینگەییەکان و هەموو خەڵکانی ژینگەدۆست کردووە.

ئەو ئاگرکەوتنەوەیە بەهۆی بەربڵاوی و هەروەها هاتنی "با"، خەریکی پەرەسەندن بەرەو کوێستانەکانی "وڕا"یە.

دارستانەکان و ژینگەی کوردستان بەردەوام لەلایەن کەسانی دژە ژینگەوە ئاگری تێ بەر دەدرێت و زۆربەی کاتیش ئەو ئاگرکەوتنەوانە بە شێوەی سیستماتیک و بە مەبەستی لەنێوبردنی ژینگە و سروشتی ئەو ناوچەیە لەلایەن دەستوپەیوەندییەکانی ڕێژیمەوە ئەنجام دەدرێت.