کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دارستانەکانی کوردستان لەژێر هەڕەشەی لەناوچوون دان

12:52 - 18 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: سروشتی کوردستان هەر جارێ بە شێوەیەک لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە لەناو دەچێت و خەڵکیش بەردەوام دژی ئەو سیاسەتەی ڕێژیم دەنگی ناڕەزیەتیان هەڵبڕیوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دارستانەکانی شاری سەردەشت بە هۆی بیناسازی و ویلاسازیی نایاسایی بووەتە هۆی ئەوەیکە دارستانەکانی ئەو شارە لەناو بچن.

لە پێوەندییەدا، بەرپرسی ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکانی ڕێژیم لە شاری سەردەشت دانی بەوە داناوە کە دەسبەسەرداگرتن و لەناوبردنی دارستانەکانی شاری سەردەشت بە مەبەستی درووستکردنی ویلاسازی لە لایەن کەسانی هەلپەرستەوە هەڕەشەیەکی جیددیە بۆ سەر دار بەڕوووکانی ئەو شارە.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم لە کاتێکدا باسی کەسانی هەلپەرست دەکات کە زۆربەی ئەو کەسانە لە لایە خودی ڕێژیمەوە پشتیوانیان لێ دەکرێت.

چالاکانی ژینگەپارێزی لە کوردستان بەردەوام بە نیسبەت تێکدانی سروشت و بڕێنەوەی دارستانەکانی کوردستان هۆشداری دەدەن، بەڵام بەرپرسانی ڕێژیم وڵامدەر نین.

سروشتی کوردستان لە بواری دارستان، لێڕەوار، لەوەڕگە و باقی سەرچاوە سروشتییەکانی دیکە وڵاتێکی دەوڵەمەندە کە ڕێژیمی ئێران بە شێوەی سیستماتیک و هەم لە ڕێگای بەناو پڕۆژە ئاوەدانکردنەوەکانی و دەستوپێوەندییەکانی خۆیەوە سروشتی کوردستان لەناو دەبات.

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران  ماوەیەکە لە کوردستان  دەستیان بە بڕینەوەی دارستانەکان کردووە بۆ شارە فارس‌نشینەکانی بەڕێ دەکەن.