کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دارستانەکانی گوندی "شاسوار"ی مەریوان هەڕەشەی لەنێوچوونیان لەسەرە

18:12 - 12 پووشپەڕ 2722

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە گوندی ''شاسوار'' سەر بە ناوچەی سەرشیوی مەریوان، بەشێک لە خەڵکی ئەو گوندە چەند ساڵە بەهۆی دروستکردنی خەڵووز بۆ فرۆشتن، دارێکی زۆر دەبڕنەوە و ژینگەی ئەو ناوچەیان تێک داوە.

لەلایەن خەڵکی نیشتمانپەروەر و ژینگەپارێزانەوە چەندین جار بە بەشێک لە خەڵکی ئەو گوندە کە دەستیان لەو کارەدایە وتراوە کە واز لە دروستکردنی خەڵووز بێنن و چیدیکە دارستانەکانی ئەو ناوچەیە تێک نەدەن، بەڵام خەڵک لە وڵامدا دەڵێن: "بەشێکی زۆری ئەو کارە شورای گوند ئەنجامی دەدات و ئەگەر شورای گوند ئەو کارە بکات ئێمەش بەردەوام دەبین".

خەڵکی ئەو گوندە باس لەوە دەکەن کە شورای گوندی شاسوار بە ناوی ''هـ - ڕ'' کە یەکێک لە دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمی ئێرانە کارگەی خەڵووزسازیی داناوە و چەندین جار هۆشداریی پێ دراوە، بەڵام لە وڵامدا دەڵێت: "هەتا ماوم دەست لەو کارە هەڵناگرم".

ساڵانە بە سەدان هێکتار لە ژینگە و دارستانەکانی کوردستان لەلایەن دەستوپێوەندییەکان و سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە ئاگری تێبەردەدرێت و ژینگەی کوردستان بە شێوەی سیستماتیک بەرەو نەمان دەڕوات.