کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دارستانەکانی ئیلام هەڕەشەی لەنێوچوونیان لەسەرە

12:35 - 12 جۆزەردان 2720

تێکدان و کاوڵکارییەکانی ژینگە و دارستانەکانی کوردستان لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە درێژەی هەیە و ئەمجارە ڕێژیم لە ئیلام بە بیانووی چاندنی نەمام، ڕیشەی داربەڕووەکان هەڵدەکەنێت.

کاولکارانی ژینگە لە پێدەشتەکانی کێوی "دینار" بە لێدانی چاڵ، ڕیشەی داربەڕووکانیان هەڵکەندووە و بیانوویان بۆ ئەم کارە ئەوەیە کە نەمامی دیکە دەچێنن.

لەم هەوڵەی کاولکارانەی ڕێژیمدا، ئەو داربەڕوویانەی کە دەیان ساڵە ڕیشەیان لە عەرز کوتاوە و گەش و سەرسەوزن، لەنێو دەچن. 

هەروەها لە حەوتووی ڕابردوو، لە شاری "ئابدانان" سەر بە پارێزگای ئیلام، کەسانێکی سەر بە ڕێژیمی ئێران بە هاوکاریی بنکە و ناوەندە پێوەندیدارەکانی سەر بە ڕێژیم، دارستان و لێڕەوارەکانی ئەو شارەیان داگیر کردووە و بۆ بەرژەوەندیی خۆیان کەڵکیان لێ وەردەگرن.

کەسانی هەلپەرست و سەر بە ڕێژیمی ئێران لە پێدەشتەکانی کێوی "دینار" و "کەلاتی مورمووری" دەستیان بە تێکدان و بڕینی دارستانەکانی شاری ئابدانان کردووە.

ئەم شێوازە کردەوانە بەرانبەر بە سروشت و لێڕەوار و دارەکانی کوردستان هێرشێکی ژینگەییە بۆ سەر سروشت و ژینگەی کوردستان کە لەلایەن مۆرە و دەستوپەیوەندییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە ئەنجام دەدرێت.