کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دارە بەتەمەنەکانی زاگرۆس دەکرێنە خەڵووز

11:57 - 15 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: سەرەڕای بڕینەوەی دارەکانی زاگرۆس و قاچاخ کردنیان بۆ شارەکانی دیکە، ئێستا نۆرە گەیشتووەتە ئاگرتێبەردان و دروست کردنی خەڵووز بەو دارانەی کە تەمەنی چەن سەد ساڵەیان هەیە.

بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدئۆییەکان لە ڕۆژانی ڕابردوودا، ئاماژە بە زۆربوونەوەی ئەو ماشینانە دەکات، کە ڕۆژانە خەریکی گواستنەوەی دارە کۆن و بەتەمەنەکانی زاگرۆسن، کە بۆ کارخانەکانی سازکردنی کاغەز و بڕینەوەی دار لە شارەکانی دیکەی ئێراندا دەگوازرێنەوە.

هەندێک کەس بۆ پارە و بەبێ ئاگا لە پیلان و بەرنامەداڕێژراوەکان لە لایەن دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامییەوە، کە مەبەستیان لەنێوبردنی لێڕەوارەکانی زاگرۆسە، لە ڕەوتی لەنێوبردنی ئەم لێڕەوارانەدا ڕۆڵی بەرچاو دەگێڕن.

لەم ڕۆژانەدا و لە هەوڵێکی نوێدا، لە دارستانەکانی دەوروبەری شاری مەریوانیش، بە ئاگرتێبەردانی دارەکان و دروستکردنی خەڵووز بە شێوەیەکی دیکە سامانی ناوچەی زاگرۆس بەتاڵان دەبردرێت؛ لەم هەوڵەدا دارە بە تەمەنەکان دەسووتێندرێن و ڕواڵەتی دارستانەکانیش بەتەواوەتی لە نێو دەچێت.

لە لایەکی تریشەوە، ماشینە بارهەڵگرەکان بەردەوامن لە گواستنەوەی دارە قاچاخکراوەکانی زاگرۆس، کە بە پێی وێنە و ڤیدئۆوە بڵاوکراوەکان لە جادەی نێوان سنە ـ مەریوان و هەروەها ڕوانسەر ـ کرماشانیشدا بینراوە.

ڕێژیمی ئێران بە بەردەوامی هەوڵی لەنێوبردنی جۆرەکانی سامان لە کوردستان دەدات و لەم پێناوەشدا بنکە و ناوەندەکانی سەر بە ڕێژیم وەک جەنگەڵبانیش بوونەتە ڕیگاخۆشکەر بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە؛ چالاکانی ژینگەپارێزیش سەرەڕای ئاگادارکردنەوەی خەڵک لەم پیلانانە، بە چاندنی بەڕوو و فەرهەنگسازیی لە نێوان خەڵکدا، هەوڵ دەدەن تا ڕادەیەکی بچووکیش بووبێت قەرەبوووی زیانەکان بکەنەوە.