کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داسەپاندنی ١٠٠ ساڵ حوکمی زیندان و ٢٨٠ زەربە قامچی بۆ ٢٥ بەندکراوی کورد لە یەک مانگدا

13:15 - 2 خەرمانان 2720

بەپێی ئاماری بڵاوکراوە لە ناوەندی ئاماری کوردپا، ڕێژیمی ئێران لە ماوەی یەک مانگدا سەرجەم ١٠٠ ساڵ زیندان و ٢٨٠ زەربە قامچیی بۆ ٢٥ بەندکراوی کورد بڕیوەتەوە.

بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا، لە مانگی گەلاوێژی ١٣٩٩، بە کۆی گشتی، ٢٥ هاووڵاتیی کورد، سەرجەم بە تۆمەتی "ئەمنییەتی" لەلایەن دەزگای دادوەریی ڕێژیمی ئێرانەوە بە بەندکران و سزای دیکە مەحکووم کراون.

ئەو سزایانە کە بەسەر بەندکراوانی ئەمنییەتیدا سەپاوە سەرجەم بریتین لە ٨٣ ساڵ و ٦ مانگ و ڕۆژێک بەندکرانی تەعزیری، ٢٦ ساڵ و ٥ مانگ بەندکرانی تەعلیقی، لێدانی ٢٨٠ زەربەی قامچی و ٢٥٠ ملیۆن تمەن سزای نەختی.

زیاترینی ئەو تۆمەتانەی کە وەپاڵ بەندکراوان دراون بریتییە لە: "ئەندامبوون لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران کە بریتییە لە ١١ حاڵەت".

ئەو تۆمەتانەی دیکە کە وەپاڵ بەندکراوان دراوە بە ڕزنەوە بریتین لە:

ـ بەشداری لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ٩٦ لە بانە لەمەڕ ناڕەزایەتی بە کوژرانی کۆڵبەران: ١٠ حاڵەت

ـ هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی: ٨ حاڵەت

ـ بەشداری لە کۆبوونەوە بە مەبەستی ئاژاوەنانەوە: ٢ حاڵەت

ـ سیخووڕی بۆ دەوڵەتەکانی دوژمن: ٢ حاڵەت

ـ پڕوپاگەندە دژی نیزام: ١ حاڵەت

ـ کۆبوونەوە و تەبانی: ١ حاڵەت

ـ سەرپێچی و بێڕێزی بە ڕێژیم و مەئموورانی ڕێژیم: ١ حاڵەت

ـ بەزاندنی سنوور بە شێوەی نایاسایی: ١ حاڵەت

ـ هەڵگرتن و گوازتنەوەی چەک: ١ حاڵەت

بیاڤی چالاکیی ژمارەیەک لەو هاووڵاتییانە کە ڕوون بووەتەوە بریتییە لە: "٤ چالاکی ژینگەپارێزی، چالاکێکی بواری ژنان، چالاکێکی بواری کرێکاری و ڕۆژنامەنووسێک".