کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داسەپاندنی سزای سێدارە بۆ هاووڵاتییەکی سەقزی

18:32 - 20 بانەمەڕ 2712

کوردستان میدیا: هاووڵاتییەکی سەقزی بە ناوی سمکۆ خورشیدی سزای سێدارەی بە سەردا سەپاوە.


بەگوێرەی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی موکریان، هاووڵاتییەکی سەقزی بەناوی سمکۆ خورشیدی کە ماوەی یەک ساڵە دەسبەسەر کراوە، بە تۆمەتی دژایەتی لەگەڵ خوا، دەرگیریی چەکدارانە و لایەنگری لە پارتێکی دژبەری رێژیمی ئیسلامیی ئێران، سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە.
بەپێی ئەم راپۆرتە و بە پشت بەستن بە وتەکانی سمکۆ خورشیدی، سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ ٢٠ی بانەمەڕی ١٣٩١ی هەتاوی، حوکمی سزای سێدارە بەسەر ناوبراودا سەپاوە و لەو حوکمەشدا ٢٠ رۆژ دەرفەتی پێ دراوە هەتا لەهەمبەر ئەو حوکمە ناڕەزایەتیی خۆی دەرببڕێ.
سمکۆ خورشیدی لە خاکەلێوەی ١٣٩٠ی هەتاوی لە تاران دەسبەسەر و پاش ماوەیەک راگیران لە زیندانی سنە، بۆ زیندانی ناوەندیی شاری سەقز راگوێزراوە.