ڕێکەوتی ١٤ی سەرماوەز، لە ناوچەی شێخ بزێنی شارۆچکەی پردێ لە سنووری کەرکووک، تێرۆریستانی داعش هێرشیان کردە سەر سەنگەرێکی پێشمەرگە و لەو هێرشەدا چوار شەهید و بریندارێک هەیە.
لە هێرشەکەی شەوی ڕابردووی تێرۆریستانی داعش، ئەفسەرێک و سێ پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان شەهید بوون، دواتر پێشمەرگە بەتوندی بەرپەرچی هێرشەکەی داعشی دایەوە.
شوناسی پێشمەرگە شەهیدەکان بەم شێوەیە ڕاگەیەندراوە: "نەقیب مەسعوود تەلعەت خەڵکی سێگرتکان، نەهرۆ ناجی خەڵکی ناحیەی دارتوو، هەژار جەلال خەڵکی کەرکووک و ڕێکان تۆفیق خەڵکی هەولێر".
داعش لە ماوەی حەوتوویەکدا چوار هێرشیان بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە لە چەند ناوچەی جیاواز و گوندە کوردییەکان و ناوچە کێشەلەسەرەکان کردووە و بەهۆیەوە تاوەکوو ئێستا ٢٢ پێشمەرگە و سێ هاونیشتمانی شەهید بوون کە یەکێکیان منداڵێکی تەمەن ١٠ ساڵ بوو.
لە ئەمساڵدا گرووپی تێرۆریستیی داعش لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، ٢٠٦ کردەوەی تێرۆریستیی ئەنجام داوە. چاوەدێرانی سیاسی باوەڕیان وایە کە ئەم هەوڵانەی داعش بە هاندانی ڕێژیمی ئێرانە بە مەبەستی تێکدانی سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان.