کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داعش لە کوردستان و عێراقدا هێرشەکانی دەست پێ کردووەتەوە

12:06 - 27 بانەمەڕ 2720

گرووپی تێرۆریستیی خەلافەتی ئیسلامیی عێراق و شام ناسراو بە "داعش"، دیسانەوە هێرشەکانی لە کوردستانی باشوور و عێراق دەست پێ کردووەتەوە و تا ئێستا حەشدی شەعبی یەکەمین ئامانجەکانی بووە.

شەوی هەینی ٢٦ی بانەمەڕ، "داعش" هێرشێکی چڕوپڕی کردە سەر هێزەکانی عێراق و حەشدی شەعبی و پۆلیسێک و ٤ چەکداری حەشدی شەعبی کوژران.

شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق ڕایگەیاندووە کە داعش هێرشی کردووەتە سەر بازگەیەکی نزیک لە شاری "دوجەیل" و لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا پۆلیسێک کوژراوە و یەکێکی دیکەش بریندار بووە.

هەروەها لە هێرشێکی دیکەدا لە گوندی "مەیتە"، لە نزیک "عوزێم" لە باکووری "دیالە"، ٤ چەکداری حەشدی شەعبی کوژراون و ٦ی دیکەش بریندار بوونە.

لەلایەکی دیکەوە فڕۆکەکانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتیش، بۆردومانی ئەشکەوتێکیان لە باشووری "حەزەر" لە پارێزگای "نەینەوا" کردووە کە لە ئەنجامدا ٧ چەکداری داعش کوژراون.

هەروەها لە ماوەی ڕابردوودا بەشێکی بەرچاو لە زەوینە کشتوکاڵییەکانی خەڵکی کوردستانی باشوور لەلایەن داعشەوە سووتێندراوە کە نوێترین حاڵەتی لە گوندی "زەنقەڕی کاکەیی" لە سنووری "داقووق" ڕووی داوە کە ٥٠ هێکتار لە بەرهەمی کشتوکاڵیی جووتیارێکی کورد سووتێندراوە.

پاش سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بڵاوبوونەوەی لە جیهان، داعش لەو هەلە بۆ سەرلەنوێ خۆڕێکخستنەوەی خۆی و دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی کەڵکی وەرگرت و ئێستاکە هەرچەند ماوە جارێک هێرشێک ئەنجام دەدات.