کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دامەزراندنی تەڵەبەکان بۆ وانەوتنەوە لە قوتابخانەکان دەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە

12:58 - 4 رێبەندان 2720

بابەتی دامەزارانی تەڵەبەکان بۆ وانەوتنەوە لە قوتابخانەکانی ئێران کە زیاتر لە ساڵێکە لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە باسی لەسەر دەکرێت ئێستا خەریکە بخرێتە بواری جێبەجی کردنەوە.

لە ڕاستای ئەو هەوڵەی ڕێژیم بۆ خزاندنی تەڵەبەکان بۆ نێو قوتابخانەکان، ئەو تەڵەبانە دەتوانن لە هەشت ڕشتەی خوێندن وانە بڵێنەوە و جێگای مامۆستایان کە خویندنی باڵایان لە بوارەدا هەیە بگرنەوە.

ئەو هەوڵەی ڕێژیم، لەلایەن زۆرێک لەلایەن کارناسان و دەرچووانی زانکۆکان کە خوێندنی باڵایان تەواو کردووە و ئێستا بێکارن ڕەخنە و دژایەتی لێکەوتووەتەوە.

هەروەها چالاکانی خوێندکاری، مامۆستایان و ئەنجومەنە پێوەندیدارەکان بەنیسبەت وانەووتنەوەی تەڵەبەکان دژایەتیان دەربڕیوە و داویان کردووە کەسانی ناپسپۆر و ناشارەزا بۆ ئەو کارە ڕێگەیان پێندرێت.

بڕیارە پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم بەو تەڵەبانەی کە ئاستی ٢ و٣ی حوزەی عیلمیەیان تێپەڕاندووە، وەکوو کارناس و کارناسی باڵای ڕشتەی مێژوو و زانستی کۆمەڵایەتی و ئەدەبیات، بێنێتە ئەژمار و نیزیکەی ١٥ هەزار لەو تەڵەبانە لە ئەگەری دەرچوون لە تاقیکارییەکان وەکوو خاوەن بڕوانامەی زانکۆ دابمەزرێن.

ئەو تەڵەبانە دەتوانن وەکوو مامۆستای وانەی عەرەبی، ئەدەبیاتی فارسی، زانستی کۆمەڵایەتی، مێژوو، فەلسەفە، کاروباری پەرورەدەیی، زانستی ئیسلامی، مامۆستای سەرەتایی لە تاقیکاریی پەرەوردە و بارهێنان بەشداریی بکەن و دابمەزڕێن.

ئەو هەوڵەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لەو ڕاستایەدایە کە بە خزاندنی تەڵەبەکان بۆ نێو قوتابخانەکان بە جێگای کەسانی پسپۆر، ئیدئۆلۆژی خۆی بەسەر قوتابیاندا بسەپێنێت.