کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دامەزرانی کۆمیتەی یەکیەتیی ژنانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە ئامریکا

22:39 - 5 بانەمەڕ 2712

کوردستان میدیا: یەکیەتیی ژنانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بە مەبەستی پەرەپێدانی زیاتر، بە کار و چالاکییەکانی خۆی، کۆمیتەیەکی لە وڵاتی ئەمریکا دامەزراند.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێکەوتی 2ی بانەمەڕی 1391 ئەندامان و لایەنگرانی یەکیەتیی ژنانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە واشینگتون، بە هاوکاریی کۆمیتەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە ئەمریکا کۆبوونەوەیەکی گشتییان پێک هێنا و کۆمیتەیان ساخ کردەوە.
سەرەتای کۆبوونەوەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی رەقیب و راگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد.
دواتر بەڕێز جەماڵ عەبدوڵڵازادە بەرپرسی کۆمیتەی حدک ئێران لە ئەمریکا وتەیەکی کورتی لەسەر رۆڵی ژنانی کوردی پێشکەش کرد و داوای سەرکەوتنی بۆ کۆبوونەوەکە خواست.
پاشان هیرۆ جەڵدیانی ئەندامی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی ژنانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لەسەر بارودۆخی ژنانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ئێستادا دوا. هەروەها بە کورتی باسێکی لەسەر مێژووی یەکیەتیی ژنانی دێمۆکرات کرد و شرۆڤەیەکی کورتی لەسەر بەرنامە و ئەساسنامەی یەکیەتیی ژنان پێشکەش کرد. پاشان بەشداربوان پرسیار و بۆچوونی خۆیان هێنایە بەر باس و وڵام درانەوە.
لە بەشی کۆتایی لە هەڵبژاردنێکی ئازاد و دێمۆکراتیکدا، 3 ئەندامی ئەسڵی و 2 جێگر بۆ کۆمیتەی یەکیەتیی ژنانی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران له ئامريکا هەڵبژێردرا.