کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دامەزراوەی داکۆکی لە دێموکراسییەکان: ئامریکا دەبێ ئاژانسی وزەی ناوکی بۆ وڵامدەربوونی ئێران بەهێز بکات

13:25 - 26 جۆزەردان 2721

دامەزراوەی داکۆکی لە دێموکراسییەکان لە واشنتۆن لە وتارێکدا لە کاردانەوە بە هەڵوێستی ''ڕافائێل گروسی'' بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی کە لەم دواییانەدا وتبووی، تەنانەت ئەگەر وڵاتانی ئەندام ئامادە نەبن لە چالاکییەکانی ئەو ئاژانسە پشتیوانی بکەن، ئاژانس هەروا لەبارەی پێشێلکردنی بەڵینییەکانی ناوکی ئێران لێکۆڵینەوە دەکات، نووسیویەتی ئەگرچی هەڵوێستی گروسی ئوسوڵییە، بەڵام دەرخەری پێکهێنانی قەیرانێکە.

ئەو دامەزراوەیە وتوویەتی: ''ڕێکخراوێکی نێونەتەوەیی کە ڕێکارەکانی تەنیا چاوەدێری و خستنەڕووی ڕاستییەکانە، نابێ ناچار بێت کە بە تەنیایی ڕووبەڕووی ڕێژیمێکی یاخیی ناوکی ببێتەوە''.

وا دێتە بەرچاو کە شورای حوکامی ئاژانسی وەزەی ناوکی کە ٣٥ ئەندامی هەیە و ئەرکیان ئەوەیە کە ئەو وڵاتانە ناچار بە وڵامدەربوون بکات کە لەمەڕ پێشگرتن لە پەرپێدانی چەکی ناوکی بەڵینییان داوە، بەڵام بە نیازی ئەوە نین کە لەوبارەوە یارمەتیی ئاژانش بدەن.

دامەزراوەی داکۆکی لە دێموکراسییەکان بەو ئاکامە گەیشتووە کە دەوڵەتی ''جۆ بایدن'' هەر چەشنە وتووێژی ناوکی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران دەبێ بە ڕوونکاریی ئەو ڕێژیمە لەگەڵ ئاژانسی نێونەتەوەیی گرێ بدرێت.

ئەو دامەزراوەیە وتوویەتی کە واشنتۆن بە جێگای ئەوەیکە ئیزن دەدات ڕێژیمی ئێران لەگەڵ ئاژانس وەکوو "کیسە بۆکسێک" هەڵسوکەت بکات، ئەو ئاژانسە وەکوو کەرستەیەکی گرینگی چاوەدێری و ئاشکراکردنی ڕاستییەکان بەهێز بکات.