کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دامەزراوەی دێموکراسیی ئیسرائیل: زۆرینەی هاووڵاتییانی ئیسرائیلی لەگەڵ هێرشکردنە سەر ئێران هاودەنگن

18:13 - 18 سەرماوەز 2721

بەپێی ڕاپرسییەک کە دامەزراوەی دێموکراسیی ئیسرائیل ئەنجامی داوە، ٥١ لەسەدی هاووڵاتییانی ئیسرائیلی ڕازین کە وڵاتەکەیان هێرش بکاتە سەر ڕێژیمی ئێران، تەنانەت ئەگەر ئامریکاش لەم هێرشە ڕازی نەبێت.

ئەم ڕاپرسییە نیشانی داوە کە زۆرینەى هاووڵاتییانی ئیسرائیلی لە هێرشى وڵاتەکەیان بۆ سەر ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران پشتیوانی دەکەن.

هەروەها لەو ڕاپرسییەدا هاتووە کە ٥٤ لەسەدی ئیسرائیلییەکان کە لەو ڕاپرسییەدا بەشدارییان کردووە، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە هەڕەشەیەکی گەورە دەزانن بۆ بوون و مانەوەی وڵاتەکەیان.

لەلایەکی ترەوە تەنیا ٣١ لەسەدی هاووڵاتییانی ئیسرائیلی لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بێ ڕەزامەندیی ئامریکا، ناڕازین.

لە ئێستادا زیاتر لە هەمیشە ناکۆکییەکانی ڕێژیمی ئێران و ئیسرائیل پەرەی سەندووە. تەنانەت ئەرتشی ئیسرائیل خۆی بۆ مانۆڕێک ئامادە دەکات کە دوای ئەو مانۆڕە هێرش بکاتە سەر بنکە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران. بڕیارە ئەم مانۆڕە لە بەهاری ساڵی داهاتوو لە دەریای ناوەڕاست بەڕێوە بچێت.

هەروەها ڕێکەوتی ١٦ی سەرماوەز لە ئاکامی هێرشی ئاسمانیی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بەندەری لازقییە لە سووریە، ٧٥ لەسەد لە چەکوچۆڵی نێردراوی ڕێژیمی ئێران بۆ سووریە تێک شکێندرا.