کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دامەزراوەی پێترۆشیمیی ماکۆ ٦ ساڵە ١٥ لەسەد پێشکەوتووە

10:32 - 27 خەزەڵوەر 2720

لە ٦ ساڵی ڕابردووەوە تا ئێستا کە پرۆژەی دروستکردنی دامەزراوەی پێترۆشیمیی ماکۆ پەسند کراوە، پێشبینی دەکرا هەلی کار بۆ ٥ هەزار کەس دابین بکات، بەڵام لە ماوەی ٦ ساڵدا تەنیا ١٥ لەسەد پێشکەوتنی بە خۆوە بینیوە.

بەڕێوەبردنی پرۆژەی پێترۆشیمیی ماکۆ، ساڵی ٩٣ی هەتاوی پەسند کرا کە بڕیار بوو ئەو پرۆژەیە کە ١٦٥ هێکتار پانتاییەکەی بوو لە ٣ ساڵدا کۆتایی پێ بێت.

پاشان ڕاگەیەندرا کە ئەو پرۆژەیە پێویستیی بە ٢ میلیارد دۆلار بودجەیە و لە ماوەی ٥ ساڵدا ساز دەکرێت و لە سەرمایەدانانی دەرەکی کەڵک وەردەگیردرێت چونکە شیرکەتەکانی تورکیە خوازیاری سەرمایەدانان لەو پرۆژەیەدان.

بەرپرسانی پەیوەندیدار ڕایانگەیاندبوو کە بە بەڕێوەبردنی ئەو پرۆژەیە کە ١٥ بەرهەم لە ژێرکۆگایدایە، بۆ هەزار کەس بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ٤ هەزار کەسیش بە شێوەی ناڕاستەوخۆ هەلی کار دابین دەکرێت.

بەڕێوبەرانی ئەو پرۆژەیە هۆکاری ڕاوەستانی ئەو پرۆژەیەیان گەڕاندووەتەوە بۆ نەبوونی بودجە و سەرمایە کە پێویستە سەرمایەدانەری دەرەکی ئەو سەرمایەیەی لەسەر دابنێت.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە پێشتر ڕاگەیەندرابوو کە سەرمایەدانەرە دەرەکییەکان مەیلیان نیشان داوە بۆ سەرمایەدانان، بەڵام هەتا ئێستاش نە سەرمایەدانانێک دیارە و نە پێشکەوتنێک لەو پرۆژەیەدا و چاوەڕوانیی خەڵکیش بۆ ئەو پرۆژەیە بوو بە ٦ ساڵ.