کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دامەزراوەی "ئینتێل لەب" ئاشکرای کردووە کە چالاکیی مووشەکیی ڕێژیمی ئێران لە کرماشان چڕتر بووەتەوە

11:07 - 5 رەزبەر 2721

دامەزراوەی لێکۆڵینەوەی ''ئینتێل لەب'' ڕێکەوتی ٣ی ڕەزبەر بە بڵاوکردنەوەی چەندین وێنەی ماهوارەیی ئاشکرای کردووە کە چالاکییە مووشەکییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە دامەزراوەی مووشەکییە ژێر زەوینییەکانی کرماشان چڕتر بووەتەوە.

ئەو دامەزراوەیە لە تویتێکدا نووسیویەتی: ''دوای حەوت مانگ لە ڕاگرتنی هەڵقەندنی تونێلەکان لە دامەزراوەی ژێرزەوینی کرماشان لە نزیک پایگای مووشەکی بالستیکیی باختەران لە سەرەتای مانگی ئاگۆست دەستی پێکردووەتەوە و هاتوچووەکان بۆ ئەو شوێنە زیاتر بووەتەوە''.

''ئینتێل لەب'' پێشتریش بە بڵاوکردنەوەی چەندین وێنەی ماهوارەیی چالاکیی مووشەکیی ڕێژیمی ئێرانی لە کارخانەی "کەیکی زەردی ئەردەکان" ئاشکرا کردبوو.

بە وتەی ڕێکخراوی ''نوێکاری لەبارەی هەڕەشەی ناوکی''، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ڕۆژئاوای ئێران سێ پایگای مووشەکیی دامەزراندووە کە پایگای مووشەکی لە کرماشان یەکێک لە هەستیارترین پایگاکانە.

لە چەند مانگی ڕابردوودا دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران چەندین جار کراوەتە ئامانج کە دەوترێت لەلایەن ئیسرائیلەوە بووە، ئەو هێرشانە لە حاڵێکدا دەخرێنە پاڵ ئیسرائیل کە بەرپرسانی ئەو وڵاتە چەندین جار هۆشدارییان داوە کە بەرامبەر هەڕەشە و زێدەڕەوییەکانی ڕێژیمی ئێران بە توندی دەوەستنەوە.