کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانانی خاڵە پشکنینەکان لە شارەکانی کوردستان بەردەوامە

12:21 - 28 سەرماوەز 2720

ماوەی نزیک بە یەک مانگە کە هێزەکانی ڕێژیم لە شارەکانی کوردستاندا خاڵی پشکنین لەسەر ڕێگاکان و ناو شارەکاندا دادەنێت و خەڵک ڕادەگرن.

هاووڵاتییەک باسی لەوە کردووە کە پێشتر هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیم لە ڕێکەوتی ٢ تا ٢٠ی سەرماوەز لە ڕێگای هاتنە ژوورەوە بۆ نێو شاری سەقز ٣ ماشینیان دادەنا و هەر ماشینێک پێیان خۆش با ڕایاندەگرت و بە بیانووی گەڕان بە دوای کەسانی گومانلێکراو خەڵکیان دەپشکنی.

ئەو هاووڵاتییە باسی لەوە کردووە ئێستاکەش لە ڕێگای هاتنەژوورەوەی ئەو شارەدا هێزەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران و مەئموورانی هاتوچۆ ڕادەوەستن و خاڵی پشکنینیان داناوە.

هەروەها نێو شارەکانی بانە، سەقز و بۆکان تەنراوە لە هێزەکانی ڕێژیم و لەم ڕێگایەوە خەڵک چاوترسێن دەکەن و بوونەتە هۆی بێزاریی خەڵکی ئەو شارانە.

لە پاش کوژرانی فەخریزادە، بەپرسێکی ئەتۆمیی ڕێژیمی ئێران، هێزەکانی ڕێژیم بە چڕی چاوەدێریی نێو شار و ڕێگاکانی کوردستان بەتایبەت شارە سنوورییەکان دەکەن و هەتا ئێستا چەندین کەس لەلایەن ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و بانگهێشت کراون.