کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانانی نەخشەی کوردستان لەسەر پۆلی پاپ فرانسیس داگیرکەرانی کوردستانی وەلەرزە خست

11:52 - 21 رەشەمه 2720

لە کاتی سەفەری "پاپ فرانسیس" ڕێبەری کاتۆلیکەکانی جیهان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، وەزارەتی گواستەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان ٦ پۆلی نمایش کرد.

ئەو ٦ پۆلە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە کاتی پێشوازی لە پاپ فرانسیس نمایش کرابوون.

لەو ٦ پۆلە یەکێکیان نەخشەی کوردستانی گەورە و وێنەی پاپ بووە کە دژکردەوەی زۆری وڵاتانی داگیرکەری کوردستانی لێکەوتووەتەوە.

 لە یەکێک لەو پۆلانە لە پشت سەری پاپ نەخشەی کوردستانی گەورە دانراوە و ئەمەش بووەتە جێی نیگەرانیی وڵاتانی دوژمن و داگیرکەری کوردستان.

لە یەکەم کاردانەوەکاندا پاش لە نمایشکرانی ئەو پۆلانە ڕێژیمی ئێران و تورکیە کاردانەوەیان پیشان دا و وتوویانە کە هەرێمی کوردستان دەبێ وڵامدەر بێت.

"سەعید خەتیب زادە" وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەوەی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی: "هەرێمی کوردستان ساختەکاری کردووە و بەشێک لە پارێزگا کوردنشینەکانی ئێرانی خستووەتە سەر نەخشەی هەرێمی کوردستان".

"سەعید خەتیب زادە" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی: "ڕوونە ئەوەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بووەتەوە دژ بە بنەما و یاسا نێودەوڵەتییەکانە".

ئەو قسانە لە زاری وتەبێژی ڕێژیمێکەوە دێتە دەر کە بە هەموو شێوازێک سەروەریی خاکی سەرجەم وڵاتان دەخاتە مەترسییەوە و هیچ بایەخێک بۆ یاسا نێودەوڵەتییەکان دانانێت.

هاوکات وەزارەتی دەرەوەی تورکیە بەرانبەر بەو هەوڵەی هەرێمی کوردستان کاردانەوەی نیشان داوە و وتوویەتی: "هەندێک لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لاقی خۆیان لە بەڕەکەیان درێژتر کردووەتەوە و هەوڵیان داوە سەفەری پاپ بکەنە بیانوویەک بۆ بڵاوکردنەوەی خەونەکانی خۆیان".

هەمووی ئەو کاردانەوانە لەحاڵێکدایە ئەو وڵاتانەی کە کوردستانیان دابەش کردووە لە بنەڕەتدا دەستدرێژییان کردووەتە سەر خاکی کوردستان و خۆیان داگیرکەرن.