کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانانی پایەگا لەلایەن سپای پاسدارانەوە لە گوندەکانی شاری "شنۆ" ناڕەزایەتیی خەڵکی لێ کەوتەوە

13:07 - 9 جۆزەردان 2722

سپای تێرۆریستی پاسداران لە شاری "شنۆ" بە هاودەستی لەگەڵ فەرمانداری شار و هەندێک بەرپرسی سپای ورمێ چوونەتە گوندی " دێشەمس" و داوایان لە خەڵکی ئەو گوندە کردووە کە دەبێ زەوی بدەن بە سپا بۆ دروستکردنی پایەگا لەو گوندەدا.

بەرپرسانی ڕێژیم هەڕەشەیان لە خەڵک کردووە کە بە خۆشی یان ناخۆشی بێت دەبێ زەوی بدەن بە سپا.

ئەو هەوڵەی ڕێژیم لەگەڵ ناڕەزایەتیی خەڵک بەرەوڕوو بووەتەوە و خەڵک وتوویانە: "دانانی پایەگا لەو گوندە لە خۆڕایە و ئەو گوندە هیچ پێویستییەکی بە بوونی پایەگا نییە".

ماوەی مانگێک دەبێت کە سپای تێرۆریستی پاسداران لە زۆربەی گوندەکانی شاری شنۆ وەکوو "سینگان"، "حەسەن نووران" و "نەرزیوێ" لە هەوڵی ئەوەدایە کە پایەگا دابنێت و بۆ ئەو بابەتەش گوشاری بۆ خەڵکی ئەو گوندانە هێناوە کە دەبێ زەوی بدەن بە سپا و لەو بابەتەوە هاوکار بن.

لەلایەکی دیکەوە ڕێژیم لە ماوەیەک لەوە پێشەوە لە گوندی "ڕەش گوند" لە ناوچەی "دەشتەبێڵ" بە هاوکاریی هەندێک جاش و هەروەها لەنێو مزگەوتی گوندی "ئاڵیاوێ" بە هاوکاریی دێهیار و بەشێک لە شوراکانی ئەو گوندە، پایەگای "بەسیجـ"ـی دروست کردووە.

خەڵکی ئەو گوندانە لەبابەت دانانی پایەگای بەسیج لەلایەن سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە بەڵام هێزەکانی سپا کە بە زۆر لەو گوندانە نیشتەجێ بوون و هیچ پێگەیەکیان لەنێو خەڵکدا نییە، تەنیا ئەوەیان بۆ ماوەتەوە کە هەڕەشە بکەن و بڵێن کە گوێ بە قسەی خەڵک نادەن.