کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانمارک نیگەرانیی قووڵی خۆی بەنیسبەت بەرنامەی ناوکیی ئێران ڕاگەیاند

11:50 - 6 سەرماوەز 2721

دانمارک لە شورای حوکامی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی، لە بەیانییەیەکدا وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی قووڵی خۆی لەبارەی کەرەستەی ناوکی لە شوێنە ڕانەگەیەندراوەکانی ئێران، پشتیوانیی خۆی لە بەیانییەیەی یەکیەتیی ئورووپا لەبارەی ڕێژیمی ئاخوندی، ڕاگەیاند.

لە بەشگەلێک لە بەیانییەیەی دانمارک کە ڕێکەوتی ٥ی سەرماوەز لە ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ئەم وڵاتە بڵاو کراوەتەوە، هاتووە:

دانمارک لە بەیانییەیەی یەکیەتیی ئورووپا پشتیوانی دەکات. ئێمە سپاسی بەرپرسی گشتی و بەشی "پادمان" دەکەین کە بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی "پادمان" لەگەڵ ڕێژیمی ئێران  کاری تایبەتیان ئەنجام دا و هەوڵیان دا لەبارەی کەرەستەی ناوکی لە شوێنە ڕانەگەیەندراوەکانی ئێران بەرچاوڕوونی بدەن.

ئێمە لەبارەی کەرەستەی ناوکی لە شوێنە ڕانەگەیەندراوەکانی ئێران نیگەرانین.

ئێمە بە هێزەوە و دووبارە داوا لە ئێران دەکەین کە بە تەواوی بەڵێنییەکانی پادمانەکانی بێ دواخستن یان مەرجدانانی زۆرتر جێبەجێ بکات و بە باشی لەگەڵ ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی هاوکاری بکات.

ئێمە پشتیوانیی تەواوی خۆمان لە چاوەدێرانی ئاژانس کە کارێکی ئەستەم و بەنرخ ئەنجام دەدەن، ڕادەگەیەنین و داوایان لێ دەکەین کە بەردەوام بن.