کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانمارک هێزی نیزامی ڕەوانەی گەرووی هۆرمۆز دەکات

18:18 - 24 جۆزەردان 2720

مەجلیسی دانمارک بڕیاری داوە بۆ دابینکردنی ئەمنییەتی گەرووی هۆرمۆز هێزی نیزامی ڕەوانەی ئەو ناوچەیە بکات و ئەو بڕیارە خراوەتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

ماڵپەڕی "کۆپێنهاگ پۆست" بڵاوی کردووەتەوە، پارلمانی دانمارک ڕێکەوتی ٢٢ی جۆزەردان لە کۆبوونەوەی خۆیدا بە زۆرینەی دەنگی پارلمان بڕیاری داوە کە هێزی نیزامی ڕەوانەی گەرووی هۆرمۆز بکات.

بەپێی ئەو بڕیارە ١٩٥ پێرسۆنێلی نیزامیی دانمارک لە گەرووی هۆرمۆزدا جێگیر دەکرێن و ئەرکی بەشێک لە پاراستنی ئەمنییەتی گەرووی هۆرمۆز لە ئەستۆ دەگرن.

هەتا ئێستا چەندین وڵاتی جیهان و ناوچە بۆ پاراستنی ئەمنییەتی گەرووی هۆرمۆز پەیوەست بە هاوپەیمانیی ئامریکا بوونه.

لە دوای گەمارۆوە نەوتییەکانی ئامریکا، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران ڕایانگەیاند، ئەگەر پێش بە هەناردەکردنی نەوتی ئێمە بگیردرێت، ئیمەش گەرووی هۆرمۆز دەبەستین.

گەرووی هۆرمۆز، دەکەوێتە نێوان پارێزگای هۆرمۆزگانی ئێران و پارێزگای مۆسەندم لە وڵاتی عۆمان، کە یەکێک لە گرینگترین ڕێڕەوە ئاوییەکانی جیهانە و ئاوەکانی کەنداو و دەریای عۆمان پێکەوە گرێ دەدات.