کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانپێدانانی پارێزەرانی ڕێژیم بە نێوبەتاڵی بەرجام

17:51 - 27 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: بنەماڵەی کوژراوانی هێرشی جەیشولعەدل بۆ سەر سپای تێرۆریستی پاسداران ئەو هێرشەیان بە ئاکامەکانی بەرجام لە قەڵەم دا و بەرپرسانی ڕێژیمیان بە تاوانباری ئەو هێرشە زانی.

لە گرتە ڤیدیۆیەکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەتەوە سەبارەت بە بەشداری "عەلائەدین برووجێردی" بەرپرسی پێشووی کۆمیسیۆنی ئاسایشی مەجلیسی ڕێژیم، لە ڕێوڕەسمی شاردنەوەی کوژراوانی هێرشی جەیشولعەدل بۆ سەر تێرۆریستانی سپا، بەرەوڕووی ڕەخنەی توند لە لایەن بنەماڵەی کوژراوانی ڕووداوەکە بوویەوە.   

لەو گرتە ڤیدیۆییەدا یەکێک لە بنەماڵەی کوژراوانی ڕووداوەکە و چەند پاسدار و ئاخووندێک ڕوو لە برووجێردی گوتوویانە: " ئەو دۆخە لێکەوتەی ئەو بەرجامەیە کە ئێوە کردتان و لە مەجلیس پەسندتان کرد و ئێوەش بڕۆن تەنیا گیرفانەکانتان پڕبکەن" کە  لە وڵامدا بروجێردی گوتوویەتی: "بەرجام بڕیاری نیزام بوو، ئێوە لە خۆتانەوە تێکی مەدەن و خۆتانی تێکەڵ مەکەن" .

بارودۆخی شپرزەی ئێران لە ئاستێکدایە کە تەنانەت پارێزەرانی ئەو ڕێژیمەش، بەرجام و کێشە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی ڕێژیم دەبەنە ژیر پرسیار و نێوبەتاڵیی ئەو ڕێژیمە دەدەنەوە بە نێو چاوانی بەدیهێنەرانی ئەو دۆخە.