کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانڵد ترامپ: شەڕ لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندا، زۆر ناخایەنێت

11:43 - 6 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: "دانڵد ترامپ"، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ڕایگەیاندووە کە هیوادارە شەڕ لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندا ڕوو نەدات، بەڵام ئەگەر ڕوو بدات، ئەوە لە بەرەیەکی بەهێزدان و شەڕەکە زۆر ناخایەنێت.

ڕۆژی چوارشەممە، ٥ی پووشپەڕ، "دانڵد ترامپ"، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لە دیمانەیەکی تەلەفۆنیدا لەگەل تەلەفزیۆنی "فاکس نیوز"، باسێکی لەسەر خستنە خوارەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەی ئامریکا لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە کرد و سەبارەت بە نەبوونی دژکردەوەی سەربازیی ئامریکا، ڕایگەیاندووە: "بە هۆکاری ئەوەی کە ئێرانییەکی زۆر دەناسم و ئیرانییەکانم خۆش دەوێت، لەگەڵ ئێراندا باش جووڵامەوە".

"دانڵد ترامپ"، لە وڵامی ئەو پرسیارەدا کە "ئایا شەڕ لە نێوان ئامریکا و ڕێژیمی ئێراندا ئەگەری هەیە؟"، وتوویەتی: "هیوادارم کە بەو جۆرە نەبێت، بەڵام شتێکی بەو شێوە ڕوو بدات، ئێمە لە بەرەیەکی بەهێزداین و شەڕەکە زۆر ناخایەنێت. من نالێم کە هێزی زەوینی و یەک ملیۆن سەرباز دەنێرمە ئەوێ، بەڵام تەنیا ئەوە دەڵێم کە ئەو شەڕە زۆر ناخایەنێت".

سەرۆکی ویلایەتە یەگرتووەکانی ئامریکا لە بەشێکی تری قسەکانیدا رایگەیاندووە: "ڕێبەران و دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێران ئەگەر لە هەوڵی ڕێککەوتندا نەبن، گەمژە و خۆبەزلزانن. پەیامی من ئەوەیە کە کاتێک ئەوان ئامادە بوون، دەبێت ئێمە ئاگادار بکەنەوە، بەو ئاسانییە".

هەروەها، لەسەر خەڵکی ئێران ڕایگەیاندووە کە ئێران بەڕێوەبەرییەک و دەسەڵاتێکی زیرەکی نییە و ئابوورییەکەیان خەریکە بەرەو داڕمان دەڕوات، بارودۆخی خەڵکی ئەو وڵاتەش بە شێوەیەکە کە لە برسییەتیدا دەستیان بە خۆپشاندان و ناڕەزایەتیدەربڕین کردووە.

لە لایەکی ترەوە، لە هەمان کاتدا خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، پەیامەکەی "دانڵد ترامپـ"ـی فریوکارانە پێناسە کرد و ڕەتی کردووەتەوە کە لەگەڵ ئامریکادا ڕێککەوتن بکەن.