کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانڵد ترامپ: من ڕێبەری دڕندەی داعش و گەورە تێرۆریستی جیهان "قاسم سلێمانیـ"ـم لەنێو برد

19:04 - 25 جۆزەردان 2720

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٤ی جۆزەردان، سەرکۆماری ئامریکا لە حوزووری فێرخوازانی ئەرتشی ئەم وڵاتەدا، دەستخۆشیی لە هاوکاری لقە جیاوازەکانی هێزی نیزامیی ئامریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشیی کۆرۆنا و باقیی ڕووداوە سروشتییەکانی تری کرد.

"ترامپ" ڕۆڵی ئەرتشی لە دابینکردنی ئاسایش و تەناهیی وڵاتەکەیدا بەرز نرخاند.

ناوبراو لە ڕێوڕەسمی کۆتاییهاتنی دەورەی ئاکادێمیی نیزامیی "وێست پۆینتـ"ـی نیۆیۆرک، ڕوو لە فێرخوازانی ئەو زانکۆیە وتی: "ئێوە بە هەڵبژاردنی خۆتان ژیانتان بۆ پارێزگاری لە ئامریکا تەرخان دەکەن".

سەرکۆماری ئامریکا لە قسەکانیدا هەڕەشەی لەو کەسانە کرد کە مەترسی بن بۆ سەر خەڵکی ئەو وڵاتە و جەختی کردەوە، لەمەو بەدواوە تەنیا بۆ سەرکەوتنی ئامریکا شەڕ دەکەن.

"ترامپ" باسی لەوەش کرد، لەم ساڵانەی دواییدا سەربازانی ئامریکایی لە بەرانبەر هەڕەشەی بیانی بۆ سەر هاووڵاتییانی ئامریکا باجی گەورەیان داوە و ئەمەشیان بۆ هەموو دونیا ڕوون کردووەتەوە.

سەرکۆماری ئامریکا باسی لەوەش کرد: "دەسەڵاتدارێتیی دڕندانەی داعش بە تەواوەتی لە دەورانی دەسەڵاتی مندا شکستی هێنا و ڕێبەری ئەو گرووپە ئەبووبەکر بەغدادی کوژرا، بە هەمان شێوە گەورە تێرۆریستی جیهان قاسم سلێمانیش".