کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانڵد ترامپ: ڕێژیمی ئێران تەنیا له زمانی زۆر تێدەگات

12:52 - 5 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: "دانڵد ترامپ"، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ڕوو بە ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە کە ڕێژیمی ئێران تەنیا له زمانی زۆر و هێز تێدەگات و ئامریکاش بەهێزترین ئەرتشی جیهانی هەیە.

ڕۆژی سێشەممە، ٤ی پووشپەڕ، "دانڵد ترامپ"، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لە زنجیرە تویتێکدا لە لاپەڕەی تویتێریی خۆیدا، جارێکی تر ڕووی هەڕەشەکانی لە بەرپرسانی سەربازی و سیاسیی ڕێژیمی ئێران کردەوە و ڕایگەیاندووە: "ڕێبەرانی ئێران هیچکات لە واتای دەستەواژەگەلێکی وەکوو باش یان دڵسۆزی تێنەگەیشتوون و تێشناگەن.  بەداخەوە، تەنیا شتێک کە ئەوان تێدەگەن زمانی هێز یان زۆرە و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکاش بە‌هیزترین هێزی سەربازیی جیهانی بە نێوانێکی زۆرەوە لەگەڵ وڵاتانی تردا هەیە کە تەنیا لە ماوەی دوو ساڵدا، ١.٥ تریلیۆن دۆلار تێچوو و سەرمایەگوزاریی بووە".

"دانڵد ترامپ" لە تویتێکی تردا ڕووبە خەڵکانی ئێران وتوویەتی: "خەڵکی زۆر باشی ئێران خەریکن بێ هیچ هۆکار و تاوانێک ئازار دەکێشن. ڕێبەرەکانی ئەوان زۆرترین پارەکانیان تەرخانی تێرۆریزم کردووە و تەنیا بڕێکی زۆر کەمی بۆ کاروبارەکانی تر دیاری دەکەن. ویلایەتە یەکگرتووەکان، کردەوە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران بە کەڵکوەرگرتن لە مینەچێندراوەکان و بۆمبە دەستسازەکان، کە بوونەتە هۆکاری کوژران و برینداربوونی ڕێژەیەکی زۆر لە خەڵک، لە بیری ماوەتەوە".

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووکانی ئامریکا، لە تویتێکی تردا، بە توندی هەڕەشەی لە ڕێژیمی ئێران کردووە و نووسیویەتی: "بەیاننامەیەک کە ڕۆژی سێشەممە، ٤ی پووشپەڕ، ڕێژیمی ئێران زۆر ناهوشیارانە و بێڕێزانە بڵاوی کردووتەوە، سەلماندی کە ئەوان ڕاستییەکان تێناگەن. لە ئەگەری هەر هێرشێکی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر هەر شتێک کە ئامریکایی بێت، بە هێزێکی زۆر گەورە، بەهێز و بەتواناوە وڵام دەدەرێتەوە. لە بڕێک شوێندا، بەتوانا لە بەرانبەری لەنێوچووندا دێت. ئیتر سەردەمی جانکێری و ئۆباما نییە".

جێگای ئاماژەیە کە ڕۆژی دووشەممە، ٣ی پووشپەڕ، "برایان ‌هووک"، نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا بۆ کاروباری ڕێژیمی ئێران، ڕوو بە ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند کە دەبێ لە نێوان مێزی وتووێژ و داڕمانی ئابووریدا، یەکیان هەڵبژێرێت.