کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانڵد ترامپ: کۆتاییم بە سامانی "بادآوردە"ی سپای پاسداران هێنا

12:18 - 13 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: سەرۆکی ئامریکا بۆ جارێکی دیکە ڕێژیمی ئێرانی وەک گەورەترین پشتیوانی تیرۆریزم لە جیهاندا ناوزەد کرد و پێداگری کردەوە لەسەر هەڵوێستە پێشووەکانی.

ڕۆژی پێنج‌شەممە ڕێکەوتی ١٢ی ڕەزبەر، دانڵد ترامپ سەرۆکی ئامریکا، "ستراتێژی نیشتمانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریزم" واژۆ کرد و هاتنە دەرەوەی ئامریکا لە ڕێککەوتنامەی بەرجامی کە سامانێکی "بادآوردە"ی زۆری بۆ سپای پاسداران بە دیاری هێنابوو، بە یەکێک لە دەسکەوتەکانی لەم بوارەدا ڕاگەیاند.

دانڵد ترامپ، لە پێشەکی ستراتێژییە نوێیەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تیرۆریزم نوسیویەتی: "لە دەوڵەتەکەی مندا، هەوڵەکانی ئامریکا بۆ کۆتایی هێنان بە تیرۆریستەکان پەرەی سەند".

سەرۆکی ئامریکا بە ئاماژەدان بە کۆتایی هێنان بە داعش لە سووریە و عێراقدا بە هاوکاری هاوپەیمانەکانی ئەم وڵاتە وتوویەتی: "من کۆتاییم هێنا بە هەبوونی ئامریکا لە ڕێککەوتنامەیەکی خراپ لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، ڕێککەوتننامەیەک کە سامانێکی "بادآوردە"ی خستبووە بەردەست سپای پاسداران و گروپە چەکدارەکانی".

لە ناوەڕۆکی ٣٤ی لاپەڕەیی ئەم ستراتێژیەدا، ڕێژیمی ئێران وەک گەورەترین پشتیوانی تیرۆریزم لە ناوچەکەدا و گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر ئامریکا لە قەڵەم دراوە.

لەم ستراتێژییەدا چەندین جار ئاماژە بە ناوی سپای پاسداران و هێزی قودس کراوە و ناوهێنانی گروپە تیرۆریستییەکانی سەر بە سپا و گرینگتر لە هەموویان "حیزبووڵڵای لوبنان"، وەک ڕۆڵگێڕترین هۆکاری ناجێگیری وڵاتانی ناوچەکە و جیهان بەتایبەتی لە عێراق، لوبنان، فەلەستین، سووریە و یەمەن باس کراوە.

هەر لەم ڕاستایەدا، جان بوڵتۆن، ڕاوێژکاری ئەمنیەتی نەتەوەیی سەرۆکی ئامریکا، ڕێژیمی ئێرانی وەک بانکی ناوەندی بۆ تیرۆریزمی جیهانی ناوزەد کردووە و ڕایگەیاندووە:هەڕەشە تیرۆریستییەکان ئەمڕۆ زۆر ئاڵۆزتر، جیاوازتر و خێراترن لە هەر کاتێکی دیکەدا. گرووپە تێروریستییەکان و تۆڕە گرێدراوەکانیان وەکوو ئەلقاعیدە، دەوڵەتی ئیسلامیی داعش و ئەوانەی ئێران پشتگیریان دەکات بەردەوامن لە ئامانج کردنی ئێمە، هاوپەیمانەکان و هاوبەشەکانمان.