کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانڵد ترامپ: ئێران ئێستە لە نێو بشێوییەکی تەواودایە

00:44 - 16 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، بۆی گرینگ نییە کە ڕێبەرانی ڕێژیمی ئێران لەگەڵی دابنیشن یان دانەنیشن.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، "دانڵد ترامپ"، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٤ی گەلاوێژ، پێش دەسپێکردنی دانیشتنەکەی لەگەڵ شازادەی وڵاتی کوەیت، لە بارەی ئێرانەوە قسەی کردووە و ڕایگەیاندووە: ئێران لە ئێستەدا لە نێو بشێوییەکی تەواودایە و سەرانی ڕێژیمی ئێران تەنیا لە هەوڵی ڕزگارکردنی خۆیانن نەک وڵات".

هەروەها ڕایگەیاند: "دەبێت ببینین کە لە پێوەندی لەگەڵ ئێراندا چی‌ ڕوو دەدات، ئەوەی کە بیانەوێت دانیشن و لەگەڵمان گفتوگۆ بکەن، پەیوەندی بە خۆیانەوە هەیە، من هەمیشە ئامادەم، بەڵام گرینگ نییە ئەم دانیشتنە ڕووبدات یان ڕوو نادات".

ترامپ ڕێکەوتی ٨ی گەلاوێژ ڕایگەیاندبوو، کە ئامادەیە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بەبێ هیچ پێشمەرجێک دابنیشێت، بەڵام سەرانی ڕێژیمی ئێران بەتایبەتی خامنەیی، ئەم پێشنیارەی ترامپییان بە توندی ڕەت کردووەتەوە.

دوای ئەوەی کە ئامریکا لە ڕێککەوتننامەی بەرجام هاتە دەرەوە و گەمارۆوە ئابوورییەکانی لەسەر ئێران وەگەڕ خستەوە، بەهای تمەن بە شێوەیەکی بەرچاو لە بەراورد لەگەڵ دۆلار دابەزیوە و وڵاتی ئێران تووشی قەیران و داڕمانی ئابووری بووەتەوە.