کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانیشتووانی پێنج گوندی "دلگان" ٧٥ ڕۆژه ئاوی خواردنەوەیان نییه

11:29 - 21 رەزبەر 2720

"موجتەبا شوجاعی" فەرمانداری ڕێژیم لە دلگان سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان وتوویەتی، دانیشتووانی پێنج گوندی دلگان ٧٥ ڕۆژه ئاوی خواردنەوەیان نییه.

دانیشتووانی ئەو گوندە ڕایانگەیاندووە، لە یەکەم ڕۆژەوە کە ئاوی خواردنەوەیان پچڕاوە، ئیدارەی ئاویان ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام وڵامیان نەدراوەتەوە.

لە ئێستادا بە تانکر ئاوی خواردنەوەی ئەو گوندانە دابین دەکرێت. جیا لەو پێنج گوندەی کە ٧٥ ڕۆژە ئاویان نییە، ٥ گوندی دیکە کێشەی کەمئاوییان هەیە.

قەیرانی کەمئاوی لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان وای کردووە کە لە چەندین شاری ئەو پارێزگایە ئاو جیرەبەندی بکرێت و خەڵک لە ماوەی شەو و ڕۆژدا تەنیا چەند کاتژمێرێک ئاوی خواردنەوەیان هەیە. شارەکانی چابەهار و کنارەک لەو پارێزگایە زۆرترین کێشەیان هەیە و خەڵک بۆ دابینکردنی ئاوی پێویست، دەستیان بە هەڵکەندنی بیری ئاو کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، قەیرانی کەمئاوی لە ئێران لە ئاستێکی مەترسیداردایە و ٧ پارێزگا لەگەڵ کێشەی جیددیی ئاو و ١٣ پارێزگای دیکەش لەگەڵ دۆخی قەیرانی ئاو بەرەڕوون و ئەگەر هەتا چەند ساڵی داهاتوو ڕێگا چارەی جیددی بۆ چارەسەریی ئەو کێشەیە هەڵنەگیرێت بەشێکی زۆر لە خەڵکی ئێران تووشی کۆچبەریی ئیجباری دەبن.

وشکەساڵی، کەمئاوی، کشتوکاڵی نەریتی، هەڵکەوتەی جوغرافیایی ئێران، بێ بەرنامەبوونی ڕێژیمی ئێران سەبارەت بە پرسی ئاو و چەندین هۆکاری دیکە بوونەتە هۆی ئەوەیکە وڵاتی ئێران تووشی کەمئاوی بێت.