کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانیشتووانی گەڕەکی شارەداریی مەهاباد بەدەست بێئاوییەوە دەناڵێنن

11:25 - 10 بەفرانبار 2720

لە حاڵێکدا کە لە دۆخی ئێستای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و هاتنی وەرزی سەرمادا پێویستی بە بوونی ئاوی خواردنەوە زیاترە، دانیشتووانی گەڕەکی شارەداریی مەهاباد بەدەست بێئاوییەوە دەناڵێنن.

یەکێک لە هاووڵاتییانی مەهاباد بە ماڵپەڕی کوردستان میدیای ڕاگەیاندووە: "ئێمە خەڵکی گەڕەکی شارەداری بەرانبەر تاناکۆرای مەهاباد لەم وەرزی سەرمایەدا لەگەڵ کێشەی نەبوونی ئاوی خواردنەوە بەرەوڕووین، بە سەرنجدان بە دۆخی کۆرۆنا و پێویستیی ڕەچاوکردنی پاکوخاوێنی و تەندروستی پێویستی بە ئاو زیاتر لە جاران هەستی پێ دەکرێت".

ئەو هاووڵاتییە هەروەها ڕایگەیاندووە کە ئیدارەی ئاو و ئاوەڕۆی ئەو شارە هیچ هەوڵێکی کردەییان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە ئەنجام نەداوە.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە خەڵک سەردانی ناوەندە پەیوەندیدارەکانیان کردووە، بەڵام هەتا ئێستاش وڵامێکیان بەنیسبەت داواکارییەکانیانەوە وەرنەگرتووە.

خەڵک گلەییان لە بەرپرسانی ڕێژیم کردووە کە ئەگەر خزمەتگوزاری دابین ناکرێت بۆچی شارەداری مۆڵەتی بیناسازی دەدات و کەرەستەی پێویستیشی بۆ دابین ناکات.