کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داهات و تێچووی ژیانی کرێکارانی ئێران، بە قەد ئاسمان و زەوی لە یەک دوورن

21:39 - 17 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: لە ئێراندا زۆربەی چین و توێژەکانی کۆمەڵگا، لە ژێر گوشارە جۆراوجۆرەکانن، بەڵام چینی کرێکاران زیاتر لە هەموو چینێک، ژیانیان قوربانیی سیاسەتەکانی ڕێژیم بووە.

بەپێی پێوانەیەک کە لە ماڵپەڕێ "رتبە آنلاینـ"ـی سەر بە ڕێژیم، بڵاو بووەتەوە، مەودای لانیکەمی حەقدەستی کرێکاران و سەبەدی بژیوی ژیان (سبد معیشت) لە ساڵی ١٣٩٦ی هەتاویدا، ١٧٠ لەسەدە.

هەر لەو پێوانەیە، بڕی حەقدەستی کرێکاران لە ساڵی ١٣٩٦ی هەتاویدا، ٩٢١ هەزار و ٩٣١ تمەن و بڕی سەبەدی بژیوی ژیان، لە لایەن شۆرای بەرزی کاری ڕێژیمەوە، ٢ میلیۆن و ٢٨٥ هەزار تمەن ڕاگەیەندراون، کە بەم پێیە مەودای نێوانیان ١٧٠ لەسەدە.

لەم پێوانەیەدا هەروەها، ماوەی کاری بەکەڵکی هێندێ وڵات دیاری کراوە، کە وڵاتی ئێران لەو نێوانەدا لە ڕیزی کۆتایییەکانە. 

ماوەی کاری بەکەڵکی ئەم وڵاتانە لە ساڵدا بەم شێوەیە نووسراون:
ژاپۆن: ٢٤٢٠ کاتژمێر، کورەی باشوور ١٩٠٠ کاتژمێر، چین ١٤٢٠ کاتژمێر، تورکیە ١٣٣٠ کاتژمێر، ئەفغانستان ١١٠٠ کاتژمێر، پاکستان ٩٥٠ کاتژمێر و ئێران ٨٠٠ کاتژمێر. 

ئەم پێوانەیە جیا لەوەی سیاسەتە چەوتەکانی ڕێژیم لە بەڕێوەبەریی کار و بەرنامە ئابوورییەکانی ڕێژیم دەخاتە ڕوو، ئەوەش ئاشکرا دەکات، کە ئەو ڕێژیمەی کە لە سەرەتا بە دروشمی بووژاندنەوەی ژیانی چینی هەژار و کرێکار، لە لایەن ڕێبەر و دامەزرێنەری ئەو ڕێژیمە "خومەینی" دەستیان بە سەر ئێراندا گرت و بەڵێنی بە خەڵک دەدات کە پووڵی نەوت دەهێنینە سەر سفرەکانتان، نەتەنیا نەیانهێنا بەڵکوو سفرەکانی خەڵکیان بەتاڵ کردووە.

ژیانی نالەباری خەڵکی ئێران لە حاڵێکدایە، کە ئەو ڕێژیمە لەم ماوەیەدا بۆ دەستێوەردان لە کاروباری هەڵبژاردنی وڵاتی لوبنان و بۆ ئەوەی حیزبوڵڵا لەو پرۆسەیە سەر بکەوێت، ٥٠ میلیۆن دۆلار یارمەتی ئەو وڵاتەی داوە.