کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داهاتی نەوتی ڕێژیم لە دوو مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لە ١٥ لەسەد کەمتر بووە

11:26 - 18 پووشپەڕ 2722

دیوانی ژمێریاریی ڕێژیم ڕایگەیاندووە داهاتی نەوتی ئێران لە دوو مانگی یەکەمی ئەمساڵدا تا ڕادەیەک کەم بووە کە بەلانی زۆر تەنیا ١٥ لەسەدی داهات هەبووە.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە "ئیبراهیم ڕەئیسی" دوو مانگ پێش ڕایگەیاندبوو زۆرترین داهاتی نەوت لە کابینەی ناوبراودا هەبووە.

"جەواد ئۆوجی" وەزیری نەوتی ڕێژیم لە کۆتایی مانگی بانەمەڕی ئەمساڵدا ڕایگەیاندبوو کە داهاتی نەوت بە تەواوی وەرگیراوە بە جۆرێک کە ٨٠ لەسەدی ئەو داهاتە بە شێوەی نەختی و ٢٠ لەسەدیشی لەگەڵ دەرمان و کاڵا بنەڕەتییەکان گۆڕینەوی پێ کراوە.

"مۆحسێن خوجەستە" بەڕێوەبەری شیرکەتی نەوتی ئێران پێشتر وتبووی لە کاتی هاتنە سەرکاری "ڕەئیسی" پارەی نەوتی ئێران بەشێوەی نەختی وەردەگیرێت.

وتەکانی ئەو دوو بەرپرسەی ڕێژیم لە حاڵێکدایە کە دیوانی ژمێریاریی ڕێژیم لە ڕاپۆرتی دوو مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بەپێچەوانە ڕایگەیاندبوو داهاتی بەرهەمی نەوت لە ڕێژەی چاوەرڕوانیکراو کەمتر بووە.