کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داهاتی نەوتی ئێران بەتاڵان دەڕوات

10:56 - 2 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: یەکێک لە بەرپرسانی کۆمپانیای پاڵاوگەی بووشێهر، کە پێشتریش چەندین جار دزی لێ ئاشکرا ببوو، دواجار بە دزینی دەیان میلیارد تمەن بۆ وڵاتی گورجستان هەڵهاتووە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بەرپرسێکی بواری نەوت بە ناوی "ح. ت"، کە بەرپرسی فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان لە ناوچەی بووشێهر بووە، بە دزینی دەیان میلیارد تمەن بۆ وڵاتی گورجستان هەڵهاتووە.

بەپێی ئەو هەواڵانە، ناوبراو کە بۆ ماوەی ٢ ساڵ و نیو لەو پۆستەدا کاری کردووە، لە ڕابردووشدا بۆ چەندین جار دزی لێ ئاشکرا بووە، بەڵام هیچ لێکۆڵینەوەیەکی لێ نەکرابوو.

شایانی باسە کە ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ ڕێژەی ئەو کەسانەی کە پاش دزینی میلیاردها تمەن پارە، هەوڵی چوونەدەرەوە لە ئێران دەدەن ڕووی لە زیادبوونە.

گەندەڵی، دزی، ناکارامەیی و نەشیاوی بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە، هەتا دێ بارودۆخی ڕێژیمی ئێران قەیراناویتر و ژیانی خەڵک دژوارتر دەکات.

لە لایەکی دیکەدا، چاوەدێرانی سیاسی لەسەر ئەو باوەڕەن، کە هەڵهاتنی مودیران و بەرپرسانی سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیم، بە پارە میلیاردییەکان لەو وڵاتە، دەتوانێت یەکێکی دیکە لە تاکتیکەکانی خودی سپای پاسداران بە مەبەستی دەوردانەوەی گەمارۆوەکانی ئامریکا و مامەڵەی ڕەش و تەنانەت یارمەتیگەیاندن بە هاوپەیمان و لایەنگرەکانی خۆیان لە وڵاتانی دیکە بێت.

هەروەها بێمتمانەیی سپای پاسداران بە خەڵکی ئێران و باڵکێشانی بەسەر هەموو جمگە ئابوورییەکان و دامەزراندنی مودیرانی باوەڕپێکراوی خۆیان لە پۆستە تایبەتەکاندا، بەدوادانەچوون بۆ گەندەڵییەکان، یان بەئاکام نەگەیشتنی دۆسییەی ئەو دزییە زەبەلاحانە، خۆی دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە لە پشتی هەموو ئەو دزییانەوە سپای پاسدارانی ڕێژیم خۆی شاردووەتەوە و دەستی هەیە.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە لایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە بە تۆمەتی بەردەوامبوونی لە یارمەتیگەیاندن و پڕچەککردنی تیرۆریستان، پەرەپێدان بە مووشەکە بالستیکییەکان و نانەوەی ئاژاوە لە وڵاتانی دیکە لە ژێر گوشاردایە و هەر ئەو جۆرە سیاسەتە هەڵانەی هۆکاری کشانەوەی ئامریکا لە بەرجام و هەموو ئەو قەیرانانەن کە لە ئێراندا سەریان هەڵداوە.