کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داهێنەری بەرهەمی "ئەرمەنی" لە دڵی ئەدەبیاتی کوردیدا مایەوە

11:53 - 5 رێبەندان 2721

"علی ئەشرەف نۆبەتی" ناسراو بە "پەرتەو کرماشانی" خەڵکی شاری "کرماشان" و یەکێک لە شاعیرە بەناوبانگەکانی نەتەوەی کورد، ڕۆژی سێشەممە ٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە تەمەنی ٩٠ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.

مامۆستا "پەرتەو" ڕێکەوتی ٦ی ڕەزبەری ١٣١٠ لە شاری "کرماشان" لەدایک بووە. ئەو شاعیرە بەناوبانگەی کورد، جگە لە نووسینی شێعر بە زمانی کوردی بە زمانی فارسیش شێعری نووسیوە.

کۆکراوەی شێعرەکانی مامۆستا "کرماشانی" لە کۆپەرێکدا بەناوی "کوچە باغیها" لە چاپ دراوە.

ناوبراو لە ڕاونگەی شاعیر و نووسەر و ئەدیبانی کوردەوە یەکێک لە گەورەترین و باشترین شاعیرانی کورد بە ئەژمار دێت.

"پەرتەو کرماشانی" کەسایەتییەک بوو کە هەردەم خەمی نەتەوەی کورد و وڵاتەکەی کوردستانی لەسەرشان بووە، شاعیرێکی کۆمەڵایەتیی بوو کە بە زمانێکی  پاراو و ڕوون هاوکات ڕەسەنایەتی و پڕ واتا شێعر و هەڵبەست و هۆنراوەی هۆنیوەتەوە.

مامۆستا لە کوردستان وەکوو هێمای مانەوەی زمانی کوردی بەتایبەت زاراوەکانی "گۆران و کەلهووڕ" بە ئەژمار دێت.

شاعیری بەناوبانگی کورد، لەکاتێکدا کە ڕێژیمی "پەهلەوی و خومەینی"  بەشێوی نەرم و نەهێنی و بەشێوەی جۆراوجۆر لە هەوڵی تواندنەوەی زمانی کوردی لە کوردستان بەتایبەت لە شاری "کرماشان" بوون، بوو بەهۆی ئەوەی لەو بەشەی کوردستاندا شۆڕشێکی هزری و هونەری سەر هەڵبدات.

هەستی خۆشەویستیی ئەو شاعیرە گەورەی کورد بۆ وڵاتەکەی بە ڕادەیەکە کە تەنانەت لە شێعر و ‌هەڵبەست و هۆنڕاوە ئەویندارانەکانیشیدا ئەو خۆشەویستییە بە ڕوونی دیار و بەرچاوە.

ناوبراو زیاتر لە ٣٠٠ بەیت شێعری هەیە و زۆربەی شێعرەکانی بە زمانی فارسین بەڵام شێعرە کوردییەکانی لە ئاستێکی زۆر بەرزدان و جێگە و پێگەیان لەنێو ئەدەبیی کوردیدا خاوەن پێگەیەکی تایبەتن و کاکڵی شێعرەکانی ئەوین و خۆشەویستی و هەستی نەتەوەیی تێدایە.

 هۆنراوەکانی "پەرتەو کرماشانی" بە ڕواڵەت کلاسیکن بەڵام زمان و ناورۆکیان تازە و سەردەمیانەیە و لەگەڵ مرۆڤی ئەمڕۆیی دەدوێن.

شیعری بەناوبانگی "ئەرمەنی" بەرهەمی "پەرتەو کرماشانیـ"ـیە، کە لەلایەن زۆریەک لە گۆرانیبێژان  بەتایبەت "حەمید حەمیدیـ"ـیەوە کراوە بە گۆرانی.

بەشێک لە بەرهەمەکانی بریتین لە:"سوڵتانی، سەها، پێژواکی کوچه‌ باغییەکان، ڕەخنە و بیروڕاکان، شێعرەکان، نامه‌کان و نووسراوەکان".

شێعری "ئه‌ر شه‌وێ ده‌ر وا بکه‌ید و بۊده مێهمانم چه بوو" لە بەرهەمی مامۆستا "پەرتەو" لەلایەن "سیامەک گۆران" مامۆستای زمانی مووسیقا لە زانکۆی ڕۆم وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی ئیتالیایی.